هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی بازرگانان دەدرێت لەمەرزی باشماخ

دوای ئەوەی زۆرێك لە بازرگانان بەمەبەستی گەیاندنی گلەی و گازندە سەردانی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیان كردوو تیایدا داوایانكرد هەوڵبدرێت بۆ كارئاسانی كردنی زیاتری بازرگانان لە مەرزی باشماخ.
سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد بەساتی ژوری بازرگانی ڕاگەیاند: سەردانی مەرزی باشماخمانكرد لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی لەوێ‌ لەنزیكەوە لە كارو باری بازرگانان و ئەو ناڕەزاییەی هەیانبوو وردبوینەوە و خۆشبەختانە پارێزگاری سلێمانی چەند بڕیارێكی ڕاگەیاند بۆ كارئاسانیكردنی بازرگاننان لەو مەرزەدا.
وتیشی” لەمەرزەكەدا كۆمەڵێك كەموكوڕی هەبوو بەتایبەت دواكەوتنی مامەڵەی هاووڵاتیان و بازرگاننان و گلەی بازرگاننان لەوەی دوای گومرگ و پشكنین دواتر پۆلیسی گومرگ ڕێگەیان بە ئۆتۆمبێلەكان دەگرتەوە و جارێكی دیكە پشكنینیان بۆ دەكردەوە وە ئەم كێشەیەش چارەسەر كرا”
سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاند: ئێمە چاودێری سەرجەم ئەو بڕیارانە دەكەین كەلەلایەن پارێزگاری سلێمانیەوە دراوە لەبارەی باشكردنی مەرزی باشماخ.