سروشتی جوانی سەیرانگای گۆڵێ‌

سەیرانگای گۆڵێ دەكەوێتە گوندی گۆڵێ لە ناحیەی گەرمك بە دووری 25 كیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای پێنجوێن (96 كیلۆمەتر باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) ، ئەم سەیرانگایە تا ئێستا سروشتی خۆی پاراستووە و بەو سروشتە جوانە و دیمەنی چیا و رووەك و ئاوەكەیەوە سەرنجی گەشتیارانی بە لای خۆیدا راكێشاوە.

دیمەنی سەیرانگاكە و ئاو و چیا و شوێنی مەلەكردنی لە فۆتۆ و وێنەكاندا، دیمەنێكی زۆر سیحراوی و سەرنج راكێشە و گەشتیاران بە لای خۆیدا كەمەند كێش دەكات، ئەوەشی زیاتر دەبێتە هۆی جێگای سەرنجی ئەو كەسانەشی دەچنە ناوچەكە سروشتی ئاسایی ناوچەكەیە كە ناوچەیەكی شاخاوی و كوێستان و بوونی چەندین رووەكی سروشتییە كە زیاتر لەو ناوچانەدا دەڕوێن.

عەبدولباقی پێنجوێنی دانیشتوویەكی گوندی گوڵێیە و لە هەوڵی ناساندنی زیاتری سەیرانگاكە و ناوچەكەیەتی بە گەشتیاران و بەردەوام لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە وێنەی ئەو سەیرانگایە بڵاودەكاتەوە و دەیەوێت ژمارەیەكی زۆرتری گەشتیاران سەردانی ئەو ناوچەیە بكەن.

ئه‌و وتی: “گۆڵێ‌ یەكێكە لە سەیرانگا جوانەكانی سنووری پێنجوێن و پارێزگای سلێمانی ، رۆژانە بە تایبەتی رۆژانی هەینی و رۆژە پشووەكان زیاتر لە 600 گەشتیار سەردانی ئەم سەیرانگایە دەكەن و زۆر سەرسامن بە دیمەنی جوانی ناو سەیرانگاكە”.

عەبدولباقی ئەوەشی وت “سەرەڕای ئەوەی ناوچەكە دیمەنی زۆر جوانی تێدایە و سەیرانگاكانی زۆر سەرنجڕاكێش و سروشتین ، بەڵام تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدەكانی حكوومەت و لایەنی گەشتیاری ئاوڕیان لەم سەیرانگایە نەداوەتەوە و هیچ پڕۆژەیەكیان بۆ ئەنجام نەداوە، ئەگەر ئەوان خزمەتگوزارییەكی كەمی تیادا بكەن دەبێتە سەیرانگایەكی سەرنجڕاكێش و پێشكەوتووی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی زۆر زیاتری گەشتیاران رووی لێدەكەن”.

سەیرانگاكە چەندین سەرچاوەی ئاوی سروشتی سازگاری تێدایە كە ئاوی ناو سەیرانگاكە دروست دەكەن، هەروەها كانییەكی كانزایی لە سەیرانگاكەدا هەیە كە بە گەڕاو ناسراوە و زستانان ئاوەكەی گەرمە و هاوینان ئاوێكی ساردی هەیە و ئەو كەسانەی نەخۆشی پێستیان هەیە بۆ چارەسەر روو لەو ئاوە دەكەن.

ئەو كەسانەی رۆژانە روو لەم سەیرانگایە دەكەن تەنها لە ناوچەی پێنجوێن و پارێزگای سلێمانیەوە نەهاتوون، بەڵكو لە ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان و دەرەوەش گەشتیاران بە هۆی بینینی دیمەنی ناوچەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بیستنی سەرنجڕاكێشی سەیرانگاكەوە سەردانی دەكەن.

جەمال عەبدوڵڵای تەمەن 40 ساڵان ماوەی 20 ساڵە لە وڵاتی دانمارك دەژی و بۆ سەردان گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان، ئەو لە كاتی مەلەكردن لەناو ئاوی سازگاری سەیرانگاكەدا وتی: “لە دانیماركەوە هاتوومەتەوە هەرێمی كوردستان و بۆ گەشتوگوزار سەردانی ئەم سەیرانگایەم كردووە، زۆر خۆشحاڵم بە بینینی گۆڵێ‌ و سەرسامم بە دیمەنە سروشتییەكانی و خۆشی شوێنی مەلەكردنەكەی”.

لە ئێستادا و بە هۆی گەرمی وەرزی هاوینەوە، رۆژانە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی شارەكانی هەرێمی كوردستان و گەشتیارانی عەرەب كە لە ناوچەكانی تری عێراقەوە بۆ گەشتوگوزار هاتونەتە هەرێم، سەردانی هاوینەهەوارەكان دەكەن و بەو هۆیەوە زۆربەی هاوینەهەوارەكان ژمارەیەكی زۆری گەشتیاران لە خۆ دەگرن.