گروپی كۆمپانیاكانی daasی پۆڵەندی لقێك لە سلێمانی ده‌كاتەوە

گروپی كۆمپانیاكانی daasی پۆڵەندی بەنیازە لقێك لە سلێمانی بكاتەوەو نوێنەری كۆمپانیاكەش رایدەگەیەنێت هەموو پشتیوانییەك لە كوردستان دەكەن.

ئەمرۆ 23ی تەموزی 2017، عومەر ئەحمەد ئەمین( عومەر قەڵادزێی) لەبری پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە Dawid Starzyczny بەرێوەبەری گروپی كۆمپانیاكانی daasی پۆڵەندی.

لەسەرەتای دیدارەكەدا بەرێوەبەری گروپی كۆمپانیاكانی daasی پۆڵەندی رایگەیاند لە بەرنامەیاندایەو بەنیازن لقێكی كۆمپانیاكەیان لەشاری سلێمانی بكەنەوە.

تەئكیدشی كردەوە ئەوان ئامادەن هەموو هاوكاری و پشتیوانییەكی خەڵكی كوردستان بكەن و هیوای خواست پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان بەسەركەوتووی بەرێوەبچێت و كورد ئازاد ببێت و بە مافەكانی شاد ببێت.

وتیشی وەك پشتیوانییەك لەو پرۆسەیە لە رۆژی 25ی ئەیلول، رۆژی ئەنجامدانی راپرسی سەربەخۆی كوردستان لە هەرێمی كوردستان دەبێت.

Dawid Starzyczny بەرێوەبەری گروپی كۆمپانیاكانی daasی پۆڵەندی رونیشی كردەوە كۆمپانیاكەیان دەیەوێت لەبواری كارەبا و ئاوەرۆو بیناسازی لەكوردستان كاربكات و هاوكاری هەرێم بكەن بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە.
وتیشی  هیواخوازن كۆمپانیاكەیان ببێتە پردی پەیوەندی  نێوان پۆڵەنداو كوردستان.

لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی خۆشحاڵی زۆری خۆی نیشاندا بەدیدارەكەو رایگەیاند هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكی ئەو كۆمپانیایە دەكەن بۆ ئەوەی بتوانێ‌ لقێك لە سلێمانی بكەنەوەو دەست بكەن بە كاركردن لە كوردستان.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد گەلی كوردستان قوربانی و خوێنی زۆری داوە لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆی و وتیشی: هیوادارین بە خەباتی خۆمان و هاوكاری دۆستەكانمان ئازادی و سەربەخۆی تەواو بەدەست بهێنین.

پارێزگار سوپاسی هەڵوێستەكانی بەرێوەبەری گروپی كۆمپانیاكانی daasی پۆڵەندی كرد لە پشتیوانی مافەكانی كورد و رایگەیاند: ئومێدی زۆریان هەیە بەگەیشتن بە سەربەخۆی و یەكێكیش لە ئومێدەكان پشتیوانی وڵاتانی پێشكەوتوو ئازادیخوازی ئەوروپایە.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا پارێزگاری سلێمانی لەبارەی تایبەتمەندییەكانی پارێزگای سلێمانی دواو روونی كردەوە سلێمانی شارێكی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری و كشتوكاڵییەو دەكرێت لە بوارانەدا سەرمایەگوزاری بكرێت و دوای لە كۆمپانیا پۆلەندییەكە كرد بێنە سلێمانی و سەرمایەگوزاری بكەن و تەئكیدی كردەوە پشتیوان و هاوكاریان دەبێت.

لە كۆتایی دیدارەكەدا Dawid Starzyczny بەرێوەبەری گروپی كۆمپانیاكانی daasی پۆڵەندی چەند دیارییەكی پێشكەشی پارێزگار كردوو راشیگەیاند پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆرانی پۆڵەندی هەیەو ئامادەیە بێ‌ بەرامبەر هاوكاری كوردستان بكەن.

تەئكیدشی كردەوە كوردستان لەبری هەموو جیهان شەری گروپی تیرۆریستی داعشی كردووەو ئێستا كاتی ئەوەیە وڵاتانی جیهان پشتیوانی كوردستان بكەن بۆ سەربەخۆی.