بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی هەلی كار بۆ 250 كەس دەرەخسێنێت

بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی، داوای دامەزراندنی 250 كارمەندی نوێ بەشێوەی گرێبەست دەكات، بەرپرسێكی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش رایدەگەیەنێت: لەلایەن وەزارەتی شارەوانی‌و داراییەوە چێكی ژمارەی باخچەكان و كارمەندە كۆنەكان دەكرێت، دوای ئەوە بڕیاری كۆتایی لەسەر دامەزراندنی ئەو كارمەندانە دەدرێت.

سامی یوسف بەڕێوبەری كارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی،رایگەیاند: بەنوسراوی رەسمی داوای دامەزراندنی 500 كارمەندی گرێبەستمان كردووە بۆ خزمەتكردنی ئەو باخچە نوێیانەی دروستكراون، بەڵام ژمارەكە بۆ 250 كارمەند كەمكراوەتەوە.

وتیشی: بەنوسراوێكی رەسمی كە لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییەوە ئاڕاستەمان كراوەو ئەویش لەلایەن هەردوو وەزارەتی شارەوانی و داراییەوە داوای لێكراوە، ژمارەی باخچەكان و كارمەندەكانمان چێك بكەین‌و رەوانەی سەروی خۆمانی بكەین.
بەڕێوەبەری كارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی روونیشیكردەوە:  مەبەست لەو چێككردنە بۆ ئەوەیە ئەگەر بزانن ژمارەی باخچەكانمان بەراورد بەژمارەی كارمەندەكان زیاترەو خزمەت ناكرێن، ئەو كاتە رەنگە رەزامەندی بدەن لەسەر دامەزراندنی كارمەندی نوێ.

ئاماژەی بەوەشدا: لەدوای تەواوبوونی ئەو بەراوردكارییە، بڕیاری كۆتایی دەدرێت، بۆیە تائێستا رەزامەندی نەدراوە.