كوردستان… به‌هه‌شتی‌ هاورده‌كاران‌و دۆزه‌خی‌ هه‌نارده‌كاران

جیاوازیی‌ زۆروزه‌به‌ندی‌ نێوان كاڵاكانی‌ هه‌نارده‌و هاورده‌ی‌ كوردستان، لاوازیی‌ بنه‌ما ئابورییه‌كانی‌ كوردستان ده‌رده‌خات، لەکاتێکدا کە ‌پێوه‌ری‌ زۆربە‌ی‌ وڵاتانی‌ جیهان بۆ په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانیان ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر هاورده‌كردنی‌ كاڵایه‌كدا پێویسته‌ 3 كاڵا هه‌نارده‌ بكه‌ن. 

داتاو ئاماره‌ فه‌رمی‌‌و نافه‌رمیانه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ كوردستان به‌هه‌شتی‌ هاورده‌كاران‌و دۆزه‌خی‌ هه‌نارده‌كارانه‌، ساڵانه‌ به‌پێی‌ ئه‌و ئامارانه‌ی‌ بلاوده‌بنه‌وه‌ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ هه‌رێم ته‌نها له‌گه‌ڵ‌ توركیادا نزیكه‌ی‌ 12 ملیار دۆلاره‌، له‌گه‌ڵ‌ ئێرانیش ‌نزیكه‌ی‌ 6 ملیار دۆلاره‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ كوردستان بووه‌ بەشوێنی‌ هاورده‌كردنی‌ كاڵای‌ چینی‌‌و تایوانی‌‌و تایله‌ندی‌‌و كۆریایی‌‌و ئه‌وروپایی‌‌و وڵاتانی‌ كه‌نداو، هه‌رێم بازاڕێكه‌ بۆ هاورده‌كردن‌و ساغكردنه‌وه‌ی‌ كاڵا‌و كه‌لوپه‌لی‌ ده‌یان وڵات. 

له‌به‌رامبه‌ریشدا، هه‌نارده‌مان (نه‌وتی‌ لێده‌ركه‌ین) نزیك به‌سفره‌، جگه‌ له‌نه‌وت كاڵایه‌ك نییه‌ كه‌ ئاماژه‌ی‌ پێیبكرێت له‌كوردستاندا هه‌نارده‌ بكرێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، له‌كاتێكدا زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ جیهان هه‌لومه‌رجی‌ بازرگانییان به‌وه‌ به‌راورد ده‌كه‌ن كه‌ رێژه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنیان به‌راورد به‌وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌رییان چه‌نده‌. 

ئازادی‌ بازرگانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌یه‌كێك له‌ده‌سكه‌وته‌ گرنگه‌كانی‌ شارستانیه‌تی‌ مرۆڤ داده‌نرێت، بەڵام هه‌موو وڵاتان ئاماده‌كاریی‌ ئه‌وه‌ دەكه‌ن كه‌ توانای‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ ناوخۆو كێبڕكێیان له‌گه‌ڵ‌ ده‌ره‌وه‌دا به‌هێز بكه‌ن‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌م پرۆسه‌ی‌ بازرگانییه‌دا به‌دۆڕاویی‌ نه‌یه‌نه‌ده‌ر. به‌ڵام كوردستان نه‌ك هه‌ر كاری‌ به‌و پره‌نسیپانه‌ نه‌كردوه‌ كه‌ پێوه‌ره‌ ئابورییه‌كان له‌جیهانی‌ ئه‌مڕۆدا ده‌یخوازێت، به‌ڵكو هاورده‌ كردنی‌ به‌لێشاوو هێرشی‌ كاڵای‌ جۆراوجۆری‌ توركی‌‌و ئێرانی‌‌و چینی‌ بۆ بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، باشترین‌و گوزارشت‌و نیشانه‌ی‌ كه‌وتنی‌ سه‌نگه‌ره‌كانی‌ به‌رگریی‌ ئه‌م وڵاته‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر كاڵا‌و كێبڕكێی‌ ده‌ره‌كییدا، كه‌ گه‌وره‌ترین زیانی‌ به‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی‌ ناوخۆ گه‌یاندوه‌و توانای‌ چالاكی‌ ئابوریی‌ سست‌و په‌كخستون. 

كاڵای‌ چینی‌‌و توركی‌‌و ئێرانی‌ هه‌ر له‌كه‌لوپه‌لی‌ ئه‌لكترۆنییه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گات به‌مۆبیلیات‌و پۆشاك‌و ئامێری‌ یاری‌‌و كۆمپیوته‌ر‌و میوه‌و خۆراك، بازاڕی‌ كوردستانیان پڕ كردوه‌. له‌سه‌د ساڵی‌ رابردودا هه‌رگیز كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ روبه‌ڕووی‌ هێرشبه‌رانێكی‌ وا كارامه‌ نه‌بوه‌ته‌وه‌، كه‌ پێی‌ داتا نافه‌رمییه‌كان نزیكه‌ی‌ 1200 جۆر كه‌لوپه‌لی‌ یاریی‌ مناڵانه‌ بازاڕی كوردستانیان كۆنترۆڵ‌ كردوه‌.

ئاڵوگۆڕی‌ ئازاد پێویستی‌ به‌هه‌لومه‌رجێكه‌ كه‌ له‌كوردستان زه‌مینه‌سازی‌ بۆ نه‌كراوه‌، كه‌ كێبڕكێیه‌كی‌ نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ كاڵای‌ ده‌ره‌وه‌‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی‌ ناوخۆ به‌هۆی‌ زیاد له‌فاكته‌رێكه‌وه‌ توانای‌ كێبڕكێیان له‌ده‌ستداوه‌.
 
ئا: رێژه‌ن سه‌ردار – گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی