دەرهێنانی پاسپۆرت گۆڕانكاری بەسەردا دێت

به‌ڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژە بۆئەو دەکات دوای ئەوەی مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆی عیراقمان وەرگرت لەئاییندەیەكی نزیكدا دەست بەسیستمێكی نوێ بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت دەكەین.

عەمید سالار عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند”ژمارەیەكی زۆری پاسپۆرت تەواوە بوەو ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانییە، ئێمە چاوەڕێی هاووڵاتیانین سەردانمان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەكانیان، چونكە لەلایەن پاسپۆرتی بەغداوە ئاگادار كراوینەتەوە كە لەماوەیەكی نزیكدا پاسپۆرتەكان بدەنەوە بە خاوەنەكانیان، بۆیە داوا لەو هاووڵاتیانە دەكەین كە پاسپۆرتیان لە بەڕێوەبەرایەتیمانە بەزوترین كات سەردانمان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی، چونكە لە داهاتودا ناتوانن بە ئاسانی وەریبگرنەوە، لەبەر ئەوەی سیستەمە نوێیەكە جیاوازە لەم سیستمەی ئێستا”.

سەبارەت بە سیستەمە نوێیەكەش بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند”بەم نزیكانە بەغدا داوامان لێدەكات كاروباری پاسپۆرت بوەستێنین، لەوانەیە نزیكەی 10 رۆژ بخایەنێت دوای ئەوە سیستەمە نوێیەكە دەكەوێتە كارو لە سیستمە نوێیەكەدا ئەو كێشانەی كە لە كۆنەكەدا هەیە چارەسەر كراون، بۆ نمونە گەر هاووڵاتییەك بیەوێت پاسپۆرت دەربهێنێت دەبێت لای وێنەگرێك وێنە بگرێت كە لەوەیە گونجاو نەبێت، بۆیە لەمەودوا لای خۆمان وێنەیان بۆ دەگیرێت و بەشێوەیەكی  ئەلیكترۆنی دادەبەزێتە سەر پاسپۆرتەكە، لەقۆناغی یەكەمدا  سیستمەكەو پەنجە مۆر و وێنەكان دەگۆڕدرێن، لە قۆناغی دوەمدا دیزاینی پاسپۆرتەكەش دەگۆڕێت و بەشێوەیەكی زۆر پێشكەوتو كە سویدی یاخود نەرویجی دەبێت، هەروەها سكانی چاوی تێدایەو جۆری پەڕەی زانیارییەكەشی باشتر دەبێت”.