بۆ لەنزیكەوە بەئاگابون لە چۆنیەتی بەڕێوەچونی پەیوەندیە بازرگانیەكان و كاری كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی بەرپرسی كارگێڕی ئابوری لە قونسوڵەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كرد.
مارتن هیلی كارگێڕی ئابوری لە قونسوڵیەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد كۆبۆوە و تیایدا ڕەوشی ئێستای ئابوری لە هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی قسەی لێوەكراو تیایدا نوێنەری ئابوری قونسوڵی ئەمریكی ئاماژەی بەوەدا لەئێستادا ڕەوشی ئابوری لەهەرێمی كوردستان بەرەو پێشچونی باشی بەخۆوە بینیوە و ئێمەش لە هاوكاری و پشتیوانیتان بەردەوام دەبین بۆ باشكردنی ڕەوشەكە.
سیروان محەمەد سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند :ئەمریكابەردەوام كاری كردووە بۆ پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان وە لە ئێستاشدا هیوادارین هاوكاربێت بۆ سەرخستنی ڕەوشی ئابوری لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی.