وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن باسی لەوە كرد كە ئێستا زیاتر لە (70) هەزار تاكسی لە هەرێمی كوردستان هەن كە بەشێكیان رێكخراون و بەشێكیشیان پێویستیان بەوە هەیە لە چوارچێوەی سیستەمێكی نوێدا رێكبخرێن.
(ئومێد موحەمەد) وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە رایگەیاند، هێڵی نێوان شارەكان و تەنانەت هێڵی پاسی نێوان گەڕەكەكانیش كێشەیەكی ئەوتۆیان نییەو شوفێران ئەركی خۆیان بە باشی جێبەجێ دەكەن، بەڵام شوفێری تاكسی نێو شارەكان پێویستیان بە رێكخستن هەیەو ناكرێت تاكسییەك تایبەت بێ بە گواستنەوەی خەڵك لە ناوخۆی شارێك، بەڵام خەریكی گواستنەوەی هاوڵاتیان بێت لە شارێك بۆ شارێكی ترو مافی كەسانی تر پێشێل بكات.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن، بە پێدانی لۆگۆ و لەزگەی جیاواز بە تاكسییەكانی كوردستان، ئەو كێشەیە چارەسەر دەكەن، ئەو دەڵێت : هێشتا پڕۆژەكەیان بە تەندەر نەدراوە تا بە وردی بزانن لێدانی ئەو لەزگەو لۆگۆیانە چەندی تێدەچێت، بەڵام بڕە پارەیەكی كەمە.
(ئومێد موحەمەد ساڵح) ئاماژەی بەوەش كرد كە هەڵەیەك لە میدیاكان بڵاوبۆتەوەو گوایە ڕەنگی تاكسییەكان دەگۆڕدرێت و ئەمەش دوورە لە ڕاستی و هیچ لۆجیكێكی تێدا نییە ڕەنگی تاكسی بگۆڕین و پێویستیش بە گۆڕینی ڕەنگی تاكسی ناكات و نابێت ئەو خەرجییە زۆرە بخرێتە سەر شانی شوفێران.
ئەو وتیشی، بەرنامەی لێدانی لەزگە، تەنیا بۆ ئەوەیە خەڵك تاكسییەكان بناسنەوەو شوفێرانیش بە حەزی خۆیان لە هێڵی تر خەڵك نەگوازنەوە.