بابان حەمەسور، ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی لەم گفتوگۆیەدا ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتانی دوروبەر ئەگەر بۆیان بکرێت ڕێگە لەسەربەخۆیی کوردستان دەگرن، ئەگەر بۆشیان نەکرێت بیر لەفشاری ئابووری دەکەنەوە بۆسەر کوردستان، ئەو دەڵێت “راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ کاردانەوەی ئابووری دەبێت”.
ڕیفراندۆم چ کاریگەریەکی لەسەر ئابووری کوردستان دەبێت؟
بابان حەمەسور: لەجیهاندا هەموو وەرچەرخانێکی سیاسی گۆڕانکاری ئابووری بەدوایی خۆیدا ناهێنێت، ئەگەرچی لەبەرامبەردا گۆڕانکاریە ئابووریەکان وەک گۆڕانکارییە سیاسیو سەربازیەکان خێراو بەپەلە نین، بەڵام گۆڕانکاریی ریشەییو درێژخایەن دروستدەکەن. ئەوەی ئێستا لە کوردستان ڕوودەداتو دەبینین، هەلومەرجە سیاسییەکە گۆڕانکاریە ئابووریەکانی خێراتر کردوە، بەهۆی پرسی ڕیفراندۆمو دەوڵەتی سەربەخۆوە، لەڕاستیدا ریفراندۆم کاریگەری گەورەی نابێت چونکە تەنها وەرگرتنی ڕاوبۆچونی هاوڵاتیانە لەسەر پرسێک، بەڵام راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ کاردانەوەی ئابووری دەبێت، وڵاتانی دوروبەر ئەگەر بۆیان بکرێت ڕێگە لەسەربەخۆیی کوردستان دەگرن، ئەگەر بۆشیان نەکرێت بیر لەفشاری ئابووری دەکەنەوە بۆسەر کوردستان.
لەئێستادا زەمینەی لەبار ڕەخساوە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لەناخۆیی کوردستاندا؟
بابان حەمەسور: ئێمە بەرهەمی ناوخۆییمان نیە تەنها هەندێک بەرهەمی وەک بنێشتو دانەوێڵە نەبێت، کارگەی کەرەسەی بیناسازی، کارگەی بۆری پلاستیکیو چێمەنتۆمان هەیە کە ئەو بەرهەمانەش بەشمان ناکات، جاران ژمارەی دانیشتوان کەم بوو، خەڵک بە برنجی کوردیو ساوەرو نۆکو بڕوێشو جۆرەها سەوزەو میوەی کوردی دەژیان، بەڵام ئێستا خەڵک فێری خواردنو میوەی تر بووە زۆر قورسە بتوانرێت ئەو بەروبومانە دابین بکرێت، لەئێستادا لەسەدا ٩٠ی ئەو کەل و پەلو خواردەمەنیو سەوزەو میوەیەی لەکوردستان هەیە لەدەرەوە هاوردە دەکرێت.
ریفراندۆم چ کاریگەریەکی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەبێت بۆ بازاڕەکانی جیهان؟
بابان حەمەسور: ڕەنگە نەوتیش بەهۆی فشاری هەرێمییو جیهانیەوە نەتوانرێت بەئاسانی مامەڵەی پێوەبکرێتو هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت، لەئێستاشدا کە سەربەخۆیمان ڕانەگەیاندووە حکومەتی فیدراڵی عێراق ڕێگەنادات نەوتەکەمان هەناردەی ئەمریکاو ئەوروپا بکەین.
ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بۆچی هەوڵ نادات گەنجینەکان بەزووترین کات تەواو بکات وەک ئامادەکاریەک بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو؟
بابان حەمەسور: ئێمە دوو ساڵە دەستمان کردوە بەدروستکردنی گەنجینەکان، کە ٩٠٠ گەنجینەیە لەسەدا ٦٠ی بۆ خواردەمەنییە، لەسەدا ١٠ی ساردکەرەوەن، دواکەوتنی پرۆژەکە لەئەستۆی ئێمە نیە بەڵکو بەهۆی ئەو مۆڵەتانەیە کە دەبێت لەبەرێوبەرایەتیو فەرمانگەکانی وەک وەبەرهێنانو شارەوانیو کارەباو ئاوەڕۆی بگرین، فەرمانێک نیە لەحکومەتی هەرێمەوە کە بەزووترین کات ئیشوکارە ئیداریەکانمان بۆ ڕاپەرێنن تا بەزووترین کات تەواوی بکەین.
ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی داوای لەبازرگانان کردوە کاڵاو کەلوپەلی زیاتر هاوردە بکەن وەک ئاماداکارییەک بۆ قۆناغی پاش ریفراندۆم؟
بابان حەمەسور: ئێمە وەک ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی ناتوانین زۆر فشار لەبازرگانان بکەین چونکە ناتوانین گرەنتی ئەوە بکەین ئەو کەلوپەلانە لەبازاڕەکان ساغ دەبێتەوە، لەوانەیە بازرگانان کەلوپەلێکی زۆر هاوردە بکەن و لەبازاڕدا بۆیان نەفرۆشرێتو ئێکسپایەر ببن، بەڵام لەبەرئەوەی نەک ڕوداوێکی نەخوازراو ڕوبداتو دەروازە سنوریەکان دابخرێت لەبەر خەڵک، لەکۆبونەوەکانماندا لەگەڵ بازرگانان ئەو داوایەمان لێکردون تا هیچ نەبێت بەرگەی ماوەیەک بگرین.
ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی پەیوەندی باشی لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکانی ئێران هەیە تا ئێستا قسەتان لەگەڵ کردون لەبارەی داخستنی سنورەکان؟
بابان حەمەسور: ژوورە بازرگانیەکانی ئێران بەردەوام هەوڵی بەهیزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان ئەدەن لەگەڵ کوردستانداو دەیانەوێت سنوورەکان بەبەردەوامی کراوە بێت، ئێران ساڵانە بەبەهای سەدان ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەی کوردستان دەکات، بەدەیان کۆمپانیای ئێرانی لەکوردستان وەبەرهێنانیان کردوە ئەگەر دایبخەن خۆیان زەرەرمەندی یەکەم دەبن.
لەکاتی ڕاپەرینی خەڵکی کوردستان لەساڵی ١٩٩١ پەیوەندیە بازرگانیەکانتان لەگەڵ بەغداد چۆن بوو؟
بابان حەمەسور: لەکاتی ڕاپەرینو شەری ناوخۆو داخستنی سنورەکان تا رادەیەک قەیران دروستبوو، بەڵام بەو شێوەیەش نەبوو کە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ بەغداد بپچڕێت، لەساڵی ٢٠٠٠دا کە سەدام لەسەر حوکم بوو پەیوەندیمان بەیەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق کردوەو ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکان نەوەستا لەکاتێکدا پەیوەندیە سیاسیەکانی حکومەتی ئەوکاتی کوردستانو حکومەتەکەی سەدام سفر بوو.
ئا: بازرگانیو پیشەسازی