ئەمرۆ 20ی تەموز بەسەرپەرەشتی عومەر ئەحمەد ئەمین( عومەر قەڵادزێی) لەبری پارێزگاری سلێمانی، كۆبوونەوەی وەرزی كشتوكاڵی سلێمانی بەرێوەچوو، بە ئامادەبوونی قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی و لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان و بەرێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی و بەرێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵ و ئاودێر و سامانی ئاژەڵ و ژووری بازرگانی و سەندیكای جوتیاران و عەلوە و گومرك و ژمارەیەك لایەنی تری پەیوەندیدار.
لەكۆبوونەوەكەدا جگەلە پێداچووەنەوە بە بریارەكانی كۆبوونەوەی رابردوو، هەڵسەنگاندنی وردو فراوان كرا بۆ بارودۆخی كشتوكاڵ لە پارێزگای سلێمانی و كێشەكانی بەتایبەت بەم كەرتە لەبوارەكانی بەرهەمهێنان و بەبازاركردن و زیادەڕەوی, لە كۆبوونەوەكە نەیشاردەوە كە بەهۆی قەیرانی دارایی و سیاسیەكانەوە كەرتی كشتوكاڵ پاشەكشەی بەخۆیەوە دیووە.
لەو رووەشەوە جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: كشتوكاڵ بەهۆی قەیرانەكانەوە لەبواری بەرهەمهێنان و بەكارهێنان و هاوردەكردندا 20% لەچاو پێشتردا پاشەكشەی كردووە.
روونیشی كردەوە بەكارهێنانی سەوزە رۆژانە لە 21 تەنەوە دابەزیووە بۆ 16 تەن و میوەش لە 9تەنەوە دابەزیووە بۆ 7 تەن و هاوردەی بەرهەمی كشتوكاڵیش لەدەرەوەی هەرێم 50% كەمی كردووە.
جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لەبواری كەرتی ئاژەڵیدا بارودۆخەكە باشەو زۆربەی جوتیاران روویان لەم بوارە كردووە و بازاری ساغكردنەوەی بەرهەمی كوشتیش لەئاستی خۆیدا وەستاوەو دانەبەزیووە.
روونیشی كردەوە لە پارێزگای سلێمانی ساڵانە 45 ملیون مریشك بەرهەم دەهێنرێت كە نزیكەی 80 هەزار تەن گۆشت دەكات، لە كاتێكدا پێویستی پارێزگاكە ساڵانە 60 تەنە.
لە كۆبوونەوەكەدا و لەلایەن بەرێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانییەوە تەئكید لە دابەزاندنی دەسەڵاتەكان و نەبوونی بودجە كرایەوەو رایگەیاند: گلەی زۆریان هەیەو كێشەی گەورەیان نەبوونی دەسەڵاتی پێویستە بۆ ئەوەی كاروبارەكانیان راپەرێنن.
بەشێكی زۆری كۆبوونەوەكەش تەرخانكرا بە بابەتەی ساغ كردنەوەو دۆزینەوەی بازار بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و لەوبارەیەشەوە چەندین پێشنیار خرایەروو.
هەروەك باس لەو زیادەرەویانەش كرا كە دەكرێتە سەر زەوی كشتوكاڵی و ئاوی ژێرزەوی بریاردرا بەدواداچوونی جدی لەو بارەیەوە بكرێت.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا چەند بریارێك پەسەند كرا لەوانە:
لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی هەرێم كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، بە مەبەستی دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگاكان و هەروەها باسكردنی بەبازاركردنی بەرهەم كشتوكاڵییەكان.
هەروەك لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ تاوتوی سیاسەتی بەبازاركردن لەگەڵ بەغداد و هەماهەنگی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كێشەی ئاوە هەرێمییەكان بكرێت.
كۆبوونەوە بریاریشدا كە چاودێری بازرگانی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان رێكبخرێتەوەو كرێی گواستنەوەی بەرهەمی كشتوكاڵی لە عەلوەكان(حمولە) لە 6% زیاتر نەبێت و لە جوتیار وەرنەگیرێت.
بریاریشدرا لەگەڵ قائیمقامیەتی سلێمانی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان كاری پێویست لەسەر بنەبڕكردنی فرۆشتن و بەرهەمهێنانی سەوزەی ئاوی پیس بكرێت.
لەكۆبوونەوەكەدا ئەو مەترسیانەی لەسەر ئاوی ژێر زەوی بەهۆی زیادەڕەویەوە دروست بووە بەجدی لەبەرچاو گیراو بریاردرا بۆ كۆنترۆڵی ئەو دیاردەیە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.
هەروەك تەئكید كرایەوە هەر بەرهەمێكی كشتوكاڵی كە بەشێوەی قاچاخ هاتبێتە بازارەكان دەستی بەسەردا دەگیرێت و خاوەنەكەی غرامە دەكرێت و بەرهەمەكەش رەوانەی شوێنی خۆی دەكرێتەوە.