داهێنانی گسكی كارەبایی جیمس دایسۆنی كردە ملیاردێر

لە ماوەی رابردوودا جیمس دایسۆن كارێكی وایكرد كە ئامێری راكێشانی تەپوتۆز یان گسكی كارەبایی و پاككردنەوەی فەرش و راخەر كارێكی خێرا و باشتر بێت، ئەمەش ئەو كەسەی كردە ملیاردێر.

جیمس دایسۆن وەك داهێنەری گسكی كارەبایی دوو حەلەزۆنی ناسراوە كە هیچ كیسێكی تێدا بەكارنایەت، بەڵكو پشت رێگەی جیاكردنەوەی حەلەزۆنی دەبەستێت.

ئەم چیرۆكە لە ساڵانی حەفتادا دەستی پێكرد، جیمس دایسۆن نیوەڕۆیەك لە ماڵەوە بوو و زۆر بێزار بوو بە دەست ئەو كسكە كارەباییەی هەیبوو و بەهۆی زوو پڕ بوونی كیسەكەیەوە ئەدای خراپ دەبوو و دەبووایە زوو زوو كیسەكەی پاكبكاتەوە تاكو باشتر ئیش بكات. لەوێشەوە بیرۆكەی دروستكردنی ئامێرێكی بۆ هات كە پشت بە دوو حەلەزۆن دەبەستێت بۆ پاككردنەوە و راكێشانی تەپوتۆز، هەرچەندە پڕیشبێتەوە لە پیسی بەڵام كار لە ئەدای ئامێرەكە نەكات.

لە ماوەی پێنج ساڵدا، جیمس دایسۆن پێنج هەزار نموونەی دروستكردنی ئامێری پاككردنەوە و راكێشانی جەی فۆرسی دروستكرد.

(ئامێری راكێشانی تەپوتۆزەكەم كردەوە، بۆ ئەوەی كیسی خۆڵ و تەپوتۆزەكەی پاكبكەمەوە، بۆ ئەوەی كیسێكی تری تێبكەم، لە پاككردنەوەی ژووری یەكەمدا ئامێرەكە زۆر باش بوو، بەڵام لە ژووری دووەمدا زۆر بێزار بووم، بۆم دەركەوت، پڕبوونی كیسەكە هۆكار نییە، بەڵكو كۆبوونەوەی تەپوتۆزی یەكەمجار ئەداكەی لاواز دەكات).

بەو جۆرە دایسۆن بووە خاوەنی ماركەی دایسۆن، ئێستاش بەرهەمەكانی كۆمپانیای دایسۆن بۆ دروستكردنی ئامێری راكێشانی تەپوتۆز و گسكی كارەبایی ناوبانگێكی زۆری هەیەو زۆرترین فرۆشی هەیە لە بەریتانیا.

بە تەكنیكێكی ئاسان و بەهاوكاری لەگەڵا كۆمەڵێك هاوكاردا، بە بچوككردنەوەی كونی راكێشانی ئامێرەكە، ئەدای ئامێرەكە باشترو گونجاو تر بوو… ئەو و هاوڕێكانی زۆر لە كارەكەیان رازین، چونكە ئامێرە كۆنەكە هەندێك جار لە بری پاككردنەوەو راكێشانی تەپوتۆز دەبووە هۆی جوڵاندنی تەپوتۆزەكە نەك راكێشانی یان پاككردنەوەی.

(لە سەدا هەشتای كاتی خۆم بۆ ئەوە تەرخانكردووە و ئێستا تیمێكی زۆرباشی كاركردنم هەیە.. كاتێكی زۆر لەگەڵا ئەندازیارو داهێنەرو دیزاینەران بەسەردەبەم بۆ دروستكردنی شتی باشتر).

بە هۆی ئەوەی هیچ كام لە كۆمپانیاكان بیرۆكەو بڕوانامەی داهێنانەكەیان لێنەكڕیەوە، جیمس دایسۆن ناچار بوو كۆمپانیایەكی تایبەتی دابمەزرێنێت… ئێستاش داهاتی لە هەندێك لەو كۆمپانیایانە زیاترە كە بەرهەمەكەیان رەتكردەوە.

دوایین داهێنانیشی بریتییە لە تۆپێك كە توانی جوڵان و كاركردنی باشترە و هێزی راكێشانیشی زیاترە. نهێنی سەركەوتنی ئەم ئامێرە بریتییە لە مناوەرەو جوڵەكانی.

جیمس دایسۆن ئێستا ئاسۆی كاركردنی دوو حەلەزۆنیی فراوانتر كردووە، ئامێرێكی جلشۆری بە هەمان تەكنەلۆژیا دروستكردووە، لە یەك كاتدا حەلەزۆنەكان بە دوو ئاراستەی پێچەوانە دەسوڕێنەوەو كاردەكەن، ئەنجامی باشیان لێدەكەوێتەوە.

(بۆم دەركەوت، ئەوەی بە پانزە دەقە لە شتنی دەستی دەیكەین، بەدوو سەعات كاركردنی جلشۆر ئەنجام دەدرێت، بۆم دەركەوت شتنی دەستی باشترە بە تایبەتی بەهۆی نزمیی پلەی گەرمیی پرۆسەی شتنەكەوە، جلشۆر جل ناشوات.. بۆیە ئامێرێكی تازەمان داهێناوە، كە لاسایی شتنی دەستی دەكاتەوە.. ئەمە كورتەی ئەو شتەیە كە كردوومانە).

لە پڕ ئامێرەكەی جیمس دایسۆن هاتە ئاراوە و بە هۆیەوە هەموومان سوودمەندبووین، لە كاتێكی كەمدا بڕێكی زۆری جلوبەرگ دەشۆین.

لە سەرەتای ساڵی 2006 دا نازناوی شاسواری پێدرا لە پای كارو بەرهەمە باش و نایابەكانی. ناوبانگێكی گەورەی پەیداكردووە و بەرهەمەكانی لە سەرتاسەری جیهاندا دەفرۆشرێن، بە داهێنەری گسكی بێ كیس ناوبانگی دەركردووە.

ئەم داهێنانە و بەرهەمەكانی دیزاینەرێكی فەرەنسیی جلوبەرگی والێكرد داوا لە جیمس دایسۆن بكات لە یەكێك لەنمایشەكانی جلوبەرگدا ئامادە بێت و نمایشێكی تایبەت پێشكەش بكات.

ئەو داهێنەرێكی تایبەتە، چەندین داهێنانی هەیەو بەرهەمی بیرۆكەكانی لەزۆربەی ماڵەكانی سەرتاسەری جیهاندا بەرچاو دەكەوێت.