حكومەتی عێراق بڕیاری داوە پشكی سوتەمەنی لە جۆری نەوتی سپی ڕەوانەی پارێزگای سلێمانی بكات و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی پارێزگای سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت دەتوانن پرۆسەی دابەشكردنی نەوت بەسەر ماڵاندا خێراتر بكەن.
محەمەد حەسیب ، بەڕێوەبەری نەوت و كانزكانی سلێمانی بە كوردیویی ڕاگەیاند” لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە پارێزگاری سلێمانی ئاگاداركراوەتەوە لە زیادكردنی ئەو بڕەنەوتەی كە لە پاڵێوگەكانیەوە ڕۆژانە ڕەوانەی پارێزگای سلێمانی دەكرێن بە مەبەستی دابەشكردنی بەسەر هاوڵاتیاندا”.
بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی وتیشی” پێشتر ڕۆژانە تەنها دوو تانكەر نەوت ڕەوانەی پارێزگای سلێمانی دەكرد بەڵام بڕیاردراوە كە ئەو بڕە زیاد بكات و ڕۆژانە پێنج تانكەر ڕەوانەی پارێزگاكەمان بكات و ئێمەش بە پێی بەرنامەیەك دەتوانین بەهۆیەوە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتەكە بەسەر هاوڵاتیاندا خێراتربكەن”.
بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد كە لە ئێستادا لە قەزاو ناحیەكانی دەرەوەی سەربە پارێزگاكە دەستیان بە دابەشكردنی نەوت بەسەر ماڵاندا كردوە و لەو بڕەش كە لە كۆگاكاندا هەڵگیراون لە ناوشاردا دەست بە دابەشكردنەكە دەكەین.