ئێرانو عیراق رێككەوتنێك بۆ دروستكردنی 10 شاری پیشەسازی ئیمزادەكەنو داوای هەماهەنگی زیاتری پەیوەندی بانكەكان لەنێوان هەردوو وڵات دەكەن.
محەمەد رەزا نیعمەت زادە وەزیری پیشەسازیو بازرگانی ئێران لەمیانی ئیمزاكردنی ئەو رێكەوتنەدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی وەزیری پیشەسازیی عێراق لەتاران رایگەیاند، ئەو رێككەوتنامەیە بەمەبەستی دامەزراندنی شاری پیشەسازیو نۆژەنكردنەوەی پیشەسازیی عێراق ئیمزاكراوە.
وتیشی، هیوادارین لەدوای جەنگی داعش كۆمپانیا ئەندازیاریو پیشەسازییەكانی ئێران رۆڵی تایبەتیان هەبێت لە ئاوەدانكردنەوەی عیراقدا.
لای خۆشیەوە محەمەد شیاع سودانی وەزیری پیشەسازیی عێراق رایگەیاند، ئێران خاوەن ئەزموونێكی سەركەوتووە لەبواری دروستكردنی شاری پیشەسازیداو بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵێك گرێبەستمان لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە ئیمزاكردوەو بریارە لەداهاتووشدا، هەردوولا لیژنەی تایبەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو گرێبەستانە پێكبهێنن.