“دووبارە ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ ١٠٠ ملیار دۆلاری پێویستە”

لە میانی ئۆپەراسیونی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵدا، سەدا ٨٠ی ژێرخانی شارەكە وێران بووە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە کە مووسڵ بە شارێكی كارەساتبار بناسێنێت.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، دوای ئۆپەراسیونێكی فراوان كە هەشت مانگی خایاند، هێزە عێراقییەكان بە پشتیوانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش توانیان تەواوی شاری مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

ــ وێرانكاریەكی گەورە

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسامەددین عەبار رایگەیاند كە ژێرخانی مووسڵ زۆر وێران بووە بە تایبەتیش لە بەشی راست، ئەو نموونەشی لەسەر وێرانكارییەكە هێنایەوە و ئاماژەی بەوە دا كە چوار نەخۆشخانەی سەرەكی لە بەشی راستی مووسڵ هەبوون كە هەر چواریان بە تەواوی وێران بوون.

حوسامەددین عەبار وتی: “پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە بەشی راستی مووسڵ لەگەڵ وێستگەی كارەبا بە تەواوی وێران بوون و بۆ دووبارە بەكارخستنەوەیان، ٥٠ ملیۆن دۆلار پێویستە”.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوەش كرد كە سەدا ٢٥ی قوتابخانەكان و سەد لەسەدی ناوەندەكانی بازرگانی و ناوچە پیشەسازییەكانی شارەكە وێران بوون.

ــ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ ١٠٠ ملیار دۆلاری پێویستە

بە مەبەستی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شاری مووسڵ، حكوومەتی عێراق پلانێكی داناوە كە ماوەی ١٠ ساڵ دەخایەنێت و لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت.

نازم ساعدی وتی: “حكوومەت ئەو توانایەی نییە كە بە پارە قەرەبووی ئەو كەسانە بكاتەوە كە خانووەكانیان رووخاون، بەڵام لە رێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە، خانووەكانیان بۆ دروست دەكاتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا كە ژێرخان و خانوویەكی زۆری هاووڵاتی مەدەنی لەگەڵ ژمارەیەك لە شوێنەوارەكانی مووسڵ بە هۆی تەقینەوەكانی داعش خاپوور بوون لەوانەش مزگەوتی نوری و مەنارەی حەدەبا.

لە ١٠ی ئەم مانگە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵی راگەیاند كە لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا كەوتبووە ژێر كۆنتڕۆڵی داعش.