لێژنەیەكی فەرهەنگی سەر بە ڕێكخراوی یۆنیسكۆ سەردانی مەریوانی كردووە تاكوو پڕۆسەی تۆماری جیهانی كڵاشی كوردی ئەنجام بدەن.
كڵاشی كوردی پێڵاوی كۆنی كوردە كە زیاد لە دوو هەزار ساڵ مێژووی هەیەو لە چەرم و پەت دروست دەكرێت، ئەگەرچی ئەم پێڵاوە لە ڕواڵەتدا كارێكی ساكار دێتە بەرچاو، بەڵام دروست كردنی كارێكی یەكجار ئەستەمەو لێهاتوویی زۆری دەوێت.
پڕۆژەی تۆماركردنی كڵاشی كوردی لە ئاستی جیهاندا ماوەی دوو ساڵە كە لەلایەن بەرپرسانی میراتی فەرهەنگی شاری مەریوانەوە دەستی پێ كردووەو ئێستا لە دوایین قۆناغی خۆی دایە.
لە شاری مەریوان (4355) هونەرمەند كاری دروست كردنی كڵاش دەكەن و زیاد لە (2635) كڵاش دور بەڵگەی لێهاتووی كڵاش دورینیان وەرگرتووە.
تاكوو ئێستا لە ئێراندا چوار شاری مەشهەد، ئەسفەهان، تەبرێزو لاجین لە جیهاندا بە هۆی پیشەی دەستییەوە تۆماری جیهانی كراون و مەریوان دەبێتە پێنجەمین شاری ئێران كە لە یۆنیسكۆدا تۆمار جیهانی دەبێت.
شایانی باسە كە ئیدارەی میراتی فەرهەنگی مەریوان داوای كردووە تاكوو ناوچەی هەورامانیش بە ڕوانگەی فەرهەنگی لە یۆنیسكۆدا تۆمار بكرێت و جیهانی بكرێتەوەو ئەم پڕۆژەش لە حاڵی ئەنجام بوون دایە.