900 گەنجینە لە سلێمانی دروست دەكرێت

لیژنه‌ی خێراكردنی گەشەپێدانی پیشەسازی لە سلێمانی بریارێك بۆ دروست كردنی 900 گەنجینە پەسەند دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش رووبەری 522 دۆنم زەوی تەرخان دەكرێت.

ئەمرۆ 17ی تەموزی 2017 لیژنەی خێراكردنی پرۆسەی گەشەپێدانی پیشەسازی و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی پرۆژەی پیشەسازی لەسلێمانی بە سەرۆكایەتی عومەر ئەحمەد ئەمین( عومەر قەڵادزێی) لەبری پارێزگاری سلێمانی كۆبووەوە.

 ئامانجی كۆبوونەوەكە  بەدواداچووبوو بۆ پرۆژەی (گەنجینەكانی ژووری بازرگانی لەشاری 2020)، كە لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جێبەجێدەكرێت.

لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكرا دیزاین و راستاندنی تۆڕی ئاوی پرۆژەكە تەواو بووە لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی كراوە بۆ نرخاندنی. پرۆسەی دیزاین و راستاندنی تۆڕی كارەبای پرۆژەكە تەواو بووە لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی كراوە بۆ نرخاندنی. 

لە كۆبوونەوەكەدا پێشنیاركرا لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە دوای كاری بڕین و دانانی ئاوو ئاوەڕۆ زەوی دابەش بكرێت بەسەر بازرگانەكان بۆ دروستكردنی گەنجینەكانیان. و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەستنیشانكرا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی تەندەرین بەپێی رێنمایی گرێبەستە گشتییەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی پرۆژەكە. 

سەبارەت بە پرۆژەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی و سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی وردەكاری زیاتریان خستەروو.

قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند  لەكۆبوونەوەكەدا هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان راسپێردران پلە بكەن و كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە خێرای بەرێوەبچێت و لەماوەیەكی كورتدا گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شاری گەنجینەكان تەواو بكرێت و لەرێگەی ژووی بازرگانییەوە زەوی بدرێت بە بازرگان و كۆمپانیاكان بۆ دروستكردنی گەنجینەكان. 

وتیشی: شاری سلێمانی پێویستی بە گەنجینە هەیەو ژمارەیەكی زۆر لە بازرگان و كۆمپانیاكان داواكاریان بۆ ئەو مەبەستە پێشكەش كردووە.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی  سلێمانیش رایگەیاند: فۆرمی تایبەت دراوە بە بازرگانەكان و بەدواداچوونیش دەكەین بۆ ئەوەی بزانین ئەو كەسانە فعلەن بازرگانن و پێویستیان بە گەنجینە هەیە و لیژنەی تایبەتمان هەیە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكەین.

روونیشی كردەوە هەوڵدەدەن خزمەتگوزارییەكانی ناو پرۆژەكە جێ‌ بەجێ‌ بكەن و دوای دابەشكردنی زەوییەكانیش دەبێت بەپێی دیزاینی دیاریكراو گەنجینەكان دروست بكەن.

سیروان محەمەد وتیشی: لە هەفتەی داهاتووەوە پرۆژەكە دەخەینە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردنەوە.
گەنجینەكان دەكەوێتە ناو ماستەر پلانی شاری پیشەسازی 2020 لە باشوری شاری سلێمانی لەنزیك گوندی ژاڵە و بەسێ‌ قۆناغ جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت و رووبەری گەنجینەكانیش بەشێكیان 800 مەتر دووجایەو بەشەكانی تریش لە نێوان 600-400-200 مەتر دوجادان.

ماوەی چەندین ساڵە زەوی نەدراوە  بە بارزگانان بۆ دروستكردنی گەنجینە و بەوهۆیەشەوە  چەندین گەنجیە بەشێوەی نا رەسمی دروستكراون و ئەمەش كێشەی بۆ شارەوانییەكان دروست كردووە، لەرێگەی ئەم پرۆژەیەوە جگەلە زیادكردنی  توانای ئاڵوگۆڕی شمەك و بارزگانی لە شاری سلێمانی، دەتوانرێت گەنجینەكان باشتر چاودێریی بكرێن و سەرپێچیەكان كەمبكرێتەوە.