شارەزایەکی بواری خانووی پلاستیکی ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا لەسلێمانی ژمارەی خانووی پلاستیکی ١٠ هەزار دانەی تێپەراندوەو زۆربەشیان بەبێ بەرنامەو بەهەڕەمەکی دروستکراون، ئەو دەڵێت “لەکوردستان خانووە پلاستیکییەکان تەنها لەهاویندا بەرهەمیان هەیە “.
راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، وەسفی خەلیل بەماڵپەڕی بازرگانیو پیشەسازی راگەیاند کە لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر لەهاوڵاتیان بەبێ بەرنامەو بەهەرەمەکی دەستیان بەدروستکردنی خانووی پلاستیکی کردوە بەبێ ئەوەی فەرمانگە کشتوکاڵیەکان ئاگادار بکەنەوە، ئەو وتی “لەئێستادا لەسلێمانی ژمارەی خانووی پلاستیکی ١٠ هەزار دانەی تێپەراندوە، بەڵام لەبەرئەوەی جوتیاران تەنها یەک جۆر بەروبوم دەچێننو ڕێژەیەکی زۆر لەیەک کاتدا دەخەنە بازاڕەوە نەیانتوانیوە وەک پێویست داهاتیان دەستبکەوێتو بەرهەمەکانیان بەنرخێکی کەم لەعەلوەو بازاڕەکاندا ساغ دەکەنەوە”.
وتیشی ”ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی بەهاوکاری رێکخراوی تی دۆ لەماوەی ڕابردوودا خولی راهێنانو پێگەیاندنی بۆ ١٥٠ جوتیار کردۆتەوە لەبازیانو لەئێستاشدا پێشنیازی بۆ کۆمەڵەی گەشەپێدانی خانووی پلاستیکیو بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵی سلیمانی کردوە بۆ ئەنجامدانی ڕووپێویەک دەربارەی خانووە پلاستیەکان بۆ ئەوەی بتوانن پلانو بەرنامەیەک دابنێن بەمەبەستی بەزرکردنەی کوالێتی ئەو بەروبومانەی لەخانووە پلاستیەکان بەرهەمدێت لەگەڵ فرە چەشن کردنی بەرهەمەکانو کردنەوەی خولی پێگەیاندن بۆ ئەو کەسانەی لەخانووە پلاستیەکان کار دەکەنو لەهەوڵدان بۆ ناردنە دەرەوەی بەرهەمەکانی جوتیاران”.
ناوبراو ئەوەشی رونکردەوە کە لەهەرێمی کوردستان خانووە پلاستیکیەکان تەنها دەتوانن لەوەرزی هاویندا بەرهەمێکی زۆر بخەنە بازاڕەکانەوە کە ئەمەش بەرادەیەک نرخەکەی دادەبەزێت، جوتیار چارەکی تێچونەکەی دەستناکەوێت، وەسفی خەلیل وتی ”ئێمە بەرهەمی زستانەشمان هەیە، بەڵام خانووی پلاستیکی لەوەزری زستاندا پێوستی بەسوتەمەنی هەیە بۆ بەرهەمێنانی بەروبومە هاوینەیەکان، لەزستاندا دەبێت خانووە پلاستیکیەکان گەرم بکەیتەوە لەئێستاشدا بەهۆی قەیرانی داراییو بەرزی نرخی سوتەمەنی ناتوانرێت ئەمە بکرێت، بۆیە زۆربەی جوتیارانی خانووە پلاستیکیەکان لەزستاندا سەوزە دەچێنن کە ئەمەش نابێتە هۆی بەرزکردنەوەی داهاتی جوتیاران”.
وتیشی “لەوڵاتانی جیهان خانووە پلاستی؛دەکان چوار وەرزەی ساڵ بەرهەمیان هەیەو بونەتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی وڵات، بۆ نمونە لەئێران حکومەت بۆری گازی بۆ ناو خانوە پلاستیکیەکان ڕاکێشاوە تاکو بتوانن لەزستان سەرجەم بەروبومە هاوینەکان بەرهەمبهێن، ئەمە جگە لەوەی بانکی کشتوکاڵی بەبەردەوامی ئاسانکاری بۆ جوتیاران دەکاتو قەرزی بێ سودو درێژخایەن دەداتە جوتیاران”.
خانووی پلاستیکی پرۆژەیەکە لەساڵی ٢٠٠٧ لە هەریمی کوردستان دەستی پێکردوە کەپێشتر لەعێراق لەساڵانی شەستەکان هەبووە، شاری سلێمانی زۆرترین خانووی پلاستیکی تێدایە لەساڵی ٢٠١٤ نزیکەی ٣ هەزار خانووی پلاستیکی هەبووە بەڵام لەساڵانی قەیرانی داراییدا خەڵکێکی زۆر ڕووی لە دروستکردنی خانووی پلاستیکی کردوە لەئێستا تەنها لەشاری سلێمانی ١٠ هەزار خانووی پلاستیکی هەیە.
لەمانگی پێنجی ئەمساڵەوە بەرهەمی جوتیارانی خانووە پلاستیەکان لەشاری سلێمانی رۆژانە نزیکەی ٤٠٠ تەن بووە کەپێداویستی ناوخۆی سلێمانی ٧٠ تەنە، بەرهەمی زیادەی جوتیارانی سلێمانی بەشی هەموو کوردستان دەکات.
وەسفی خەلیل راوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی