ھەورامان.. گوێزی ئەمساڵ بە ھێشوو گرتوویەتی

سەیرانگای ئاوێسەر یەکێکە لە ناوچە دڵڕفێنەکانی ھەورامان سەر بە شارۆچکەی تەوێڵە، لەوێ داری گوێز باڵا دەستە بەسەر ھەموو درەختەکانی تردا و سیمای راستەقینەی گوێزی ھەورامانی لێ بەدی دەکرێت، دارگوێزەکانی ئەوێ سەرەرای ئەوەی بەردەوام گەشتیاران لە سەرەتای پێگەشتنیەوە تا تەکاندنی لێی دەخۆن، بە ھێشوو گوێزیان گرتووە.

حەسەن حەمەسەعید کە خۆی وەک باخەوان ناساند، وتی: “ھەورامان واتا گوێز، گوێزەکانیشی زۆر بەناوبانگ و بە تامن، ئەی نەتانبیستووە ئەڵێن ‘گوێزی ھەورامان بەدەست دەشکێت’ “.

وتیشی: “شوکر بۆ خوا ئەمساڵ ساڵێکی تەڕ و باراناوی بوو، دوور بوو لە تەرزە و تۆفان و ھەراڵەکانی پاراست، ماشەئەڵڵا، وەک ئەبینن بە ھێشوو گرتوویەتی، ئومێدەوارین گەرمای ئەم ھاوینە زیان بە باخەکانمان نەگەیەنێت و گوێزەکانمان بە بەرھەم بێت”.

ناوچەی ھەورامان، کە رووبەرێکی جوگرافی سروشتی دیاری کراوە، سەر بە پارێزگای ھەڵەبجەیە و دەکەوێتە باکوری رۆژھەڵاتی ئەو پارێزگایە، ناوچەیەکی تەواو شاخاویە و نزیکەی ٤٠%ی کۆی رووبەری پارێزگای ھەڵەبجە پێکدەھێنێت و بەسەر ٢٥ گوندی ھەردوو ناحیەی خورماڵ و بیارەدا دابەش بووە.

کەشوھەوای ناوچەی ھەورامان سارد و باراناویە لە زستان و بەھاردا، زۆرجاریش بە ھۆی بوونی شەپۆلی سەرما و بارینی تەرزە لە سەرەتای وەرزی چرۆکردنی گوێزدا لەم ناوچەیە، سەرما و سۆڵە چرۆی درەختەکان دەوەرێنێت، بەڵام ئەمساڵ سەرمای سەرەتای وەرزی بەھار کەمتر کاریگەریی ھەبووە و ھیچ زیانێکی بە بەرھەمی گوێزەکان نەگەیاندووە.

ھەرچەندە لە سەرەتاوە تا بەھار زۆر کەس چاوەڕێی بەرھەمی گوێزی ھەورامان دەکەن، بەڵام بە وتەی کۆسار ئیسماعیلی فرۆشیاری گوێز لە تەوێڵە “رێژەیەکی کەمی گوێزی ناوخۆی ھەورامان دەبڕێتە بازاڕ بۆ فرۆشتن، بەڵکو زۆرتر لە ھەورامانی ئێرانەوە گوێز بۆ فرۆشتن دەھێنرێت، ئەوەش بۆ بوونی ئەو جیاوازیە زۆرەی گوێزی خۆمانە لەگەڵ گوێزی ھاوردە دەگەڕێتەوە، کە گوێزی خۆمان تازە و بە تامە بە پێچەوانەوە گوێزی ھاوردە زۆربەی کۆنی ساڵانی رابردووە و تام و زۆرجار تام و لەزەتی خۆی لەدەست دەدات”.

ئەو وتیشی: “زۆربەی ھەورامییەکان گوێزی باخەکانیان وەک دیاری و سەوقاتی دەبەخشنەوە بەسەر کەسوکار و دۆست و برادەرەکانیاندا، یان ئەوەشی دەیفرۆشێت کەمتر دەیھێنێتە بازاڕ و راستەوخۆ لە باخەکانیان و لە کاتی گوێز تەکاندندا دەیفرۆشێت، بەڵام بە ھەموو شێوەیەک خواست لەسەر گوێزی ھەورامان زۆرە و ئێمەش ساڵانە گوێزی تایبەت بۆ مشتەریەکانمان پەیدا دەکەین”.

بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، نزیکەی ١٢ ھەزار دۆنم باخی جۆراوجۆر ھەیە کە ٧ ھەزار دۆنمی باخی ھەنارە و ئەوەی دەمێنێتەوە باخی جۆراوجۆرە لە گوێز و ھەنجیر و قۆخ و قەیسی و سێو و بەرھەمی تر. بە پێی رووپێویەکانیش نزیکەی ٨٠ ھەزار دار گوێزی تەمەن جیاواز تۆمار کراوە کە ئەو دارانە بە گوێرەی تەمەن و ساڵ و پەیوەست بە کەشوھەواوە بەرھەمی جیاواز دەگرن