بۆ یەکەمجار باڵۆن لە شاری سلێمانی گەشتی ئاسمانی بە هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکات

بۆ یەکەمجار باڵۆن لە ھەرێمی کوردستان و  شاری سلێمانی گەشتی ئاسمانی بە هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکات و خولیایانی ئەو فڕینەش حەز بە گەڕان دەکەن بە سەر ئاسمانی سلێمانیدا.

گۆران عوسمان خاوەنی باڵۆن و شۆفێری باڵۆنەکە بە سايتى ژوری راگەیاند: ” بۆ یەکەمجار من باڵۆنم ھێنایە کوردستان وە لەشاری سلێمانی کاری پێدەکەم و گەشتیاران بەسەر شاری سلێمانیدا دەسوڕێنمەوە”.

وتیشی” ماوەی سێ ساڵ زیاترە کە باڵۆنم ھێناوەتە کوردستان و کاری پێدەکەم بەردەوام بەپێی کەشوھەوا گەشتیار دەگەڕێنین بەسەر ناوچە سەرنج ڕاکێشەکانی شاری سلێمانی وە گەشتیارانیش چێژ وەردەگرن لە سواربونی ئەو باڵۆنە”.

باڵۆن لە کەشو ھەوای فێنکدا کاری پێدەکرێت و دەبێت خێرای با گونجاوبێت بۆیە گەشتەکانی باڵۆنەکەی سلێمانی لە بەیانیان زودا دەکرێت.

گۆران ئاماژەی بەوەشدا” لەگەڵ دروستبونی قەیرانی دارایدا ھاوڵاتیان زۆر گرنگیان بە سواربونی باڵۆن نەدەدا بۆیە گەشتەکانمان زۆر کەمبون وە تائێستاش ھاوڵاتیان ئاشنانەبون بەفڕین بە باڵۆن کە شێوەیەک فڕینی سەلامەتە و هیچ مەترسیەک بۆ سەر هاوڵاتیان و گەشتیاران دروست نابێت”.

ڕاشیگەیاند” لە ئێستادا چەند بوک و زاوایەک لەناو باڵۆنەکە وێنەیان گرتووە وە چەند ھونەرمەندێک پێی فڕیون و چەند کەسی بیانی سواربوون و گەشتیان پێکردووە لە ئێستاشدا نرخی فڕینمان لە ھەموو جیھان ھەرزانترە بەھۆی قەیرانی دارایوە نرخمان زیاتر ھەرزانکردووە بۆ گەشتەکانمان”.

سامان محەمەد ھاوڵاتی شاری سلێمانیە بەسایتی ژووری وت” من لە ناو فلیمە ئەوروپیەکان زیاتر فڕینی باڵۆنم بینی بوو بۆیە لە کوردستان پێی فڕیم و توانیم تاقی بکەمەوە خۆشی و چێژی خۆمم لێبینم و چەند وێنەیەکی یادگاریم لەناودا بگرم”.

ئەو گەشتیارە دەشڵێت” کورستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی ھەمیشە ھەوڵیداوە لە ھێنانی یاریە خۆشەکان و شتە باشەکان لەپێشەوە بێت بۆیە لە باڵۆنیشدا خۆشحاڵم کە لە سلێمانی ھەیەو دەتوانین پێی بفڕین”.

گەشتوگوزاری سلێمانیش پێان وایە لە ڕەوشی ئابوری باش و نەبونی قەیرانی دارایدا ئەوجۆرە کارانە دەبنەھۆی ڕاکێشانی گەشتیاران بۆشاری سلێمانی.

ئارام شوانی وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت” ھەبونی باڵۆن شتێکی سەرنجڕاکێش و گونجاوە ئەگەر قەیرانی دارایی ڕێگر نەبێت ھاوڵاتیان حەز بە فڕین دەکەن بەو باڵۆنە”.

وتیشی” باڵۆن شتێکی سەرنجڕاکێشە کەسانێکی زۆر حەزبەوە دەکەن کەلەبەرزایەوە دیمەنە جوانەکان ببینن ھەربۆیە کاتێک گەشتیاران بەو جۆرا ئامێرانە دەزانن کە لە کوردستان ھەیە لە شارەکانی خواروی عێراقەوە دێن و پێی دەفڕن”.


ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە باڵۆن ھاتۆتە شاری سلێمانیەوە بەڵام قەیرانی دارای وایکردووە کە ھاوڵاتیان زۆر بیر لەوە نەکەنەوە پێی بفڕن لەبەر ئەوەی دواکەوتنی موچە و پاشەکەوتی موچە ڕێگەنادات ھاوڵاتیان پارە لە گەشتی باڵۆندا خەرج بکەن.