كۆمپانیای هۆندا به‌هۆی ئاگرگرتنی پاتریه‌وه‌ 2.1 ملیۆن ئۆتۆمبێل دەكێشێتەوە

كۆمپانیای هۆندا موتۆرز ئاشكرایكرد، بەهۆی ئەگەری ئاگرگرتنی پاتری ئۆتۆمبێلەكانی، زیاتر لە 2 ملیۆن‌و 100 هەزار ئۆتۆمبێل لە بازاڕەكان جیهان دەكێشێتەوەو هەستەوەری پاتریەكانیان دەگۆڕێت.

كریس مارتن وتەبێژی كۆمپانیای هۆندا موتۆرزی ژاپۆنی رایگەیاند، لەو ژمارەی ئۆتۆمبێلەی كە بەنیازن بیكێشنەوە،نزیكەی ملیۆنێك‌و 150 هەزاری لە ئەمریكایەو نزیكەی ملیۆنێكی تریشی لەسەرانسەری جیهاندایە.

وتیشی، بەمەبەستی گۆڕینی سیستەمی كاركردنی پاتری ئەو ئۆتۆمبێلانە، كۆمپانیاكەیان داوای لەو وڵاتانە كردووە  ئۆمبێلەكانی جۆری هۆندا ئەكۆردیان بۆ رەوانە بكەنەوە، چونكە سیستەمی پاتری ئەو ئۆتۆمبێلانە مەترسی ئاگر گرتنی لەسەرە.

ئاماژەی بەوەش كردووە،‌ ئۆتۆمبێلەكانی لە مۆدێلی 2013 تا 2016 دایە‌و لە ماوەی رابردوشدا زیاتر لە 4 هەزار داواكارییان بۆ رێكخستنەوەی سییستەمی كاركردنی پاتری ئەو ئۆتۆمبێلانە پێگەیشتووە.