له‌فێستیڤاڵێكى نێونه‌ته‌وه‌یى سینه‌مایدا فیلمێكى كوردى خه‌ڵات ده‌كرێت

فیلمێكى ئه‌نیمه‌یشنى كوردى به‌ناوى (بێده‌نگى ئاسمان) له‌ده‌رهێنانى جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌فێستیڤاڵێكى نێونه‌ته‌وه‌یى عێراقدا خه‌ڵات كرا. 

ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌باره‌ى خه‌ڵاته‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند “فیلمه‌كه‌م (بێده‌نگى ئاسمان) له‌خولى چواره‌مى فێستیڤاڵى نێونه‌ته‌وه‌یى سینه‌مایى زانكۆى بابل خه‌ڵاتى باشترین سیناریۆى پێبه‌خشرا”. 

 فیلمه‌كه‌ نوێترین به‌رهه‌مى سینه‌مایى ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كره‌ و به‌سپۆنسه‌رى عه‌باس فازڵ عه‌بدولره‌حمان خاوه‌نى زانكۆى نۆلج به‌رهه‌مهێنراوه‌ و له‌ئێستادا فیلمه‌كه‌ له‌چه‌ندین فێستیڤاڵى سینه‌مایى نێونه‌ته‌وه‌یى وه‌رگیراوه‌ و به‌شدارى له‌پێشبڕكێ و بردنه‌وه‌ى خه‌ڵاتدا ده‌كات‌و به‌ر له‌م خه‌ڵاته‌ش له‌خولى 2017ى فێستیڤاڵى سینه‌مایى باشورى جۆرجیا كه‌له‌وڵاتى كه‌نه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت خه‌ڵاتى برۆنزى له‌به‌شى فیلمه‌ ئه‌نیمه‌یشنه‌كان پێبه‌خشرا”. 

(بێده‌نگى ئاسمان) كورته‌ فیلمێكى ئه‌نیمه‌یشنه‌‌و له‌باره‌ى خه‌ونه‌كانى مرۆڤه‌ بۆ ئازادى‌و له‌باره‌ى چیرۆكى فیلمه‌كه‌شه‌وه‌ جبرائیل ئه‌بوبه‌كر ده‌ڵێت “فیلمه‌كه‌ باس له‌خه‌ونى مرۆڤ ده‌كات بۆ ئازادى، به‌وپێیه‌ى كه‌ هیچ كه‌سێك ناتوانێت رێگا له‌ئازادى بگرێت‌و به‌ربه‌ستى بۆ دروست بكات”. 

وتیشى “ماوه‌ى فیلمه‌كه‌ 100 چركه‌یه‌ و به‌رهه‌مى ساڵى 2017-یه‌”.
جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر ره‌حمان له‌دایكبوى ساڵى 1983ى شارى هه‌ولێره‌، له‌ساڵى 2001ه‌وه‌ ده‌ستیداوه‌ته‌ كارى سینه‌مایى و له‌نزیكه‌ى 40 كورته‌ فیلمدا یاریده‌ده‌رى وێنه‌گر بوه‌ و له‌ 13 فیلمى سینه‌مایى درێژیشدا یاریده‌ده‌رى وێنه‌گر بوه‌ و له‌ساڵى 2010ه‌وه‌ كارى ده‌رهێنانى سینه‌مایى ده‌كات و هه‌تا ئێستا چوار كورته‌ فیلمى به‌رهه‌مهێناوه‌ و نزیكه‌ى 20 خه‌ڵاتى نێوخۆیى و جیهانیشى به‌ده‌ستهێناوه‌.