بەڕێوەبەرى بەنداوى مووسڵ، ئەندازیار ریاز عزەددین رایگەیاند “ئەندازیاران، شارەزایان و کارمەند و کرێکارانى عێراقى و ئیتاڵى لە نۆژەندکردنەوەى بەنداوى مووسڵ بەردەوامن و شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەک تاوەکو بە پارێزراوى و دوور لە هەڕەشەى داڕمان بمێنێتەوە”.
بەنداوى مووسڵ یەکەم گەورەترین بەنداوە لە عێراق و چوارەم گەورەترین بەنداوە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دواى زیاتر لە سى ساڵ تەمەنى ماوەیەکە دەنگۆى داڕمان یان داڕماندنى بەنداوەکە لەسەر ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى دەبیسترێت، بەشێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئایندەى مانەوە یان نەماوەى بەنداوەکە بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان دەبەستنەوە، بەشێکى دیکەیش زۆرى ئاوى عەمبارکراو وەک هەڕەشەیەک لەبەردەم داڕمانى بەنداوەکە دەبینن.
بەنداوى مووسڵ تواناى عەمبارکردنى زیاتر لە ١١ ملیار مەترسێجا ئاوى هەیە، درێژى بەنداوەکە زیاتر لە ٣ کیلۆمەتر دەبێت و بەرزییەکەشى ١٣١ مەتر دەبێت و توانای بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەباى هەبووە.
بەڕێوەبەرى بەنداوى مووسڵ، ئەندازیار ریاز عزەددین ڕایگەیاند: “ئەندازیاران، شارەزایان و کارمەند و کرێکارانى عێراقى و ئیتاڵى لە نۆژەندکردنەوەى بەنداوى مووسڵ بەردەوامن و شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەک تاوەکو بە پارێزراوى و دوور لە هەڕەشەى داڕمان بمێنێتەوە، گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیاى ترێڤى ئیتاڵى تەواو نەبووە کە بە بڕى ٢٩٦ ملیۆن دۆلار واژووکراوە، بە هەوڵ و ماندووبوونى هەموو لایەک لە ئێستادا بەنداوەکە هەڕەشەى داڕمانى بە هۆى فشار یان بوونى کێشە لەسەر نییە”.
وتیشى: “نۆژەنکردنەوەی ئەو بەشانەى پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە لە بەنداوەکە بەردەوامە، چیمەنتۆ دەخرێنە ئاو لێچووەکانى بەنداوەکە و هەموو ئامانجیشمان نەهێشتى مەترستییە لەسەر داڕمانى بەنداوەکە هەروەک لە ئێستادا هیچ مەترسییەکى ئەوتۆ لەسەر بەنداوەکە نییە، بە راستى لە ئێستاداشدا ناتوانین بەو گوژمە پارەیە ئاشکرا بکەین کە لە نۆژەنکردنەوەى بەنداوەکە خەرجمان کردووە”.
بەنداوى مووسڵ ٥٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوورى شارى مووسڵ. داعش لە ساڵى ٢٠١٤ بۆ ماوەی یەک هەفتە بەنداوى مووسڵى خستە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆى، لەو ماوەیەدا هیچ نۆژەنکردنەوەیەک لە بەنداوەکەدا نەکرا، دواى دەرکردنى داعش لە ناوچەکە بۆ ماوەى نزیکەى مانگێک ئەو کارگەیە لە دەست داعش مایەوە کە چیمەنتۆى بۆ دابینکردنى نۆژەنکردنەوەى بەنداوەکە بەرهەم دەهێنا، بەمەیش هەڕەشەکانى سەر داڕمانى بەنداوەکە زیاتر بوون و دواتر گلدانەوەى ئاو و زیادبوونى رێژەى ئاوى باران بارین هۆکارگەلێکن لەبەردەم داڕمانى بەنداوى مووسڵ.