لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا نرخی زەوی و خانووبەرە دابەزیوە

كۆمپانیایەكی بواری خانووبەرە ئاشكرای كرد، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ بەراورد بە شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو، نرخی زەوی و خانووبەرە دابەزیوە و بۆ شەش مانگی دووەمیش پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخەكان دەكات.

كۆمپانیای خانووبەرەی حاجی سەلام وەك كۆمپانیایەكی تایبەتمەند لە بواری كەرتی خانووبەرە، بەشی شیكاری و توێژێنەوەی دامەزراندووە و بە بڵاوكردنەوەی نرخەكان و پێشبینییەكان بەشێوەیەكی وەزری و شەش مانگ جارێك ڕاپۆرتی تایبەتی بڵاو دەكاتەوە.

ئەو كۆمپانیایە هەفتانە بە وەرگرتنی بەرزترین و نزمترین نرخ لە ڕووبەری گەڕەكە جیاوازەكانی سنووری هەولێر، گۆڕانكاری نرخەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكاتەوە.

هاوكات لە ڕاپۆرتێكدا بەراوردكاری لە نێوان بازاڕی نیوەی یەكەمی ئەمساڵ و نیوەی یەكەمی یەكەمی ساڵی ڕابردووی كردووە كە بەم شێوەیە گۆڕاوە و دەركەوتووە نرخەكان دابەزیون.

گۆڕانكارییەكانی نرخ لە نێوان مانگی حوزەیرانی 2016 بەراورد بە هەمان مانگی 2017

تێكڕای ئاستی گۆڕانكارییەكان

1. شوقە/ئاپارتمان:                0.8% بەرز بووەتەوە
2.خانوو:                           1.2% دابەزیوە
3. زەوی نیشتەجێبوون:            5% دابەزیوە
4. زەوی بازرگانی:                5.7% دابەزیوە
5. زەوی كشتوكاڵی:              13.6% دابەزیوە
6. بەكرێدان: شوقە/ئاپارتمان:   14% دابەزیوە
7. بەكرێدان/ خانووی نیشتەجێبوون: 11.8% دابەزیوە

بە بۆچوونی كۆمپانیای حاجی سەلام، نرخەكانی ساڵانی 2012-2013-2014 زۆر لە نرخی راستەقینەی بازاڕ زیاتر بوون و هاتنی داعش بۆ سنورەكانی كوردستان، گەڕانەوەی بەشێك لە كۆمپانیا جیهانییەكان و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، تەنگژەی دارایی و تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و بڕینی بودجەی كوردستان، چەند هۆكاری ترن لە دابەزینی نرخەكانی خانووبەرە.

هەروەها لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لە سەرەتای ساڵی 2016 تا كۆتای مانگی پێنجی 2016، نرخ لە كوردستان بەگشتی 50% دابەزیوە، بەڵام لەپاش مانگی پێنج نرخەكان لە دابەزین وەستان، ئەگەرچی لە هەندێك ناوچە گۆڕانكاری سەرەتایی بەئاراستەی بەرزبوونەوە هەبوو بەرێژەی 15%  تا 20% تا كۆتای ساڵ بەرز بووەتەوە، ئەم ڕەوتە لە بازاری خانووبەرە لە ساڵی 2016 بەردەوام بوو.

لە ساڵی ٢٠١٧ دەركەوتووە، تا كۆتای مانگی حوزەیرانی ساڵەكە، بازاڕی خانووبەرە جووڵەی كڕین و فرۆشتن هەبووە. ئەو كۆمپانیایە پێی وایە بە چەند هۆكارێك پێشبینی دەكرێت بازاڕ بە جووڵەی زیاتر بكەوێت و نرخەكانیش بەرز ببنەوە.

پاراستنی ئاسایشی كوردستان، سەقامگیریی سیاسی، دووركەوتنەوەی داعش لە كوردستان، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، باشتربوونی ڕەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی بەشێك لە كۆمپانیاكان، هۆكارگەلێكن لەوەی بۆ جووڵەی بازاڕ پێشبینی ئەرێنی هەبێت.