سه‌وزه‌ و میوه‌ى هه‌رێم بازاڕه‌كانى عێراق ده‌بووژێننه‌وه‌

زۆریى به‌رهه‌مى سه‌وزه‌ وای كردووه‌ نرخه‌كه‌ى داببه‌زێت، ئه‌مه‌ش جووتیاران به‌ زیانى ناو ده‌به‌ن، داواى کردنه‌وه‌ى بازاڕ ده‌كه‌ن بۆ به‌رهه‌مه‌كانیان، به‌ هۆى زۆریى به‌رهه‌مه‌كانه‌وه‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو له هەرێمی کوردستان‌ هه‌وڵى هه‌نارده‌كردنى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌دایه‌ بۆ ده‌رەوه‌ى هه‌رێم و به‌رهه‌مى سه‌وزه‌ و میوه‌ى جووتیارانیش له‌ ئێستادا بازاڕه‌كانى پارێزگاكانى عێراقى بووژاندووه‌ته‌وه‌.

فه‌ریق ڕه‌شید ته‌مه‌ن 52 ساڵ له‌ گوندى خونیانه‌ى قه‌زاى پێنجوێن  وتی: ״له‌ ڕووبه‌رى 10 دۆنمدا كوله‌كه‌ و خه‌یار و بامێى و ته‌ماته‌ و كاڵه‌كم كردووه‌، ڕێژه‌ى به‌رهه‌مه‌كه‌ له‌ ئاستێكى باشدایه‌ به‌راورد به‌ ساڵانى ڕابردوو، نه‌خۆشیى نییه‌ و له‌ ڕووى تام و شێوه‌یه‌وه‌ زۆر باشه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى باشیى كوالێتییه‌كه‌ى نرخێكى كه‌م ده‌كات له‌ بازاڕه‌كاندا״.

وتیشى: ״حكوومه‌ت هیچ هاوكارییه‌كمان ناكات، قورسایى هاتنه‌به‌رهه‌مى سه‌وزه‌ى جووتیاران له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆیانه‌، بۆیه‌ ده‌بێت حكوومه‌ت بازاڕمان بۆ دابین بكات به‌ شێوه‌یه‌ك جووتیاران زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن، بێئومێد نه‌كرێن له ‌چاندنى سه‌وزە و ئاودێریی״.

به‌ پێى ئاماره‌كانى عه‌لوه‌ى سلێمانى ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ 400 ته‌ن به‌رهه‌مى سه‌وزه‌ ده‌ڕواته‌ عه‌لوه‌كه‌وه‌، %90ی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ هه‌نارده‌ى پارێزگاكانى خوارووى عێراق ده‌كرێن به‌ مه‌به‌ستى ساغكردنه‌وه‌ى.

سه‌روه‌ر عه‌لى به‌ڕێوه‌به‌رى عه‌لوه‌ى سلێمانى وتی: ״به‌رهه‌مى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان له‌ ئێستادا پێگه‌یشتووه‌، به‌رهه‌مه‌كان له‌ ڕووى كوالێتى و له‌ ڕووى ڕێژه‌وه‌ زۆر باشن و جێگه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى كڕیارانن و خواستێكى زۆرى له‌سه‌ره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ جیگه‌ى نیگه‌رانیى ئێمه‌ و جووتیارانه‌ به‌ نرخێكى كه‌م ساغ ده‌بێته‌وه‌ و جووتیار قازانجێكى ئه‌وتۆ ناكات״.

وتیشى: ״ئه‌وه‌ى له‌ تواناماندا بێت كردوومانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مى جووتیاران ساغ بكرێنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى ڕۆژانه‌ دێته‌ عه‌لوه‌ى سلێمانى ڕێژه‌یه‌كى زۆره‌ و زۆر له‌ پێویستى هاووڵاتییانى ناوچه‌كه‌ زیاتره‌، بۆیه‌ ڕه‌وانه‌ى پارێزگاكانى خواروو و ناوه‌ڕاستى عێراق ده‌كرێن و بازرگانان هه‌نارده‌ى ئه‌و پارێزگایانه‌ى ده‌كه‌ن״.

له‌ ئێستادا به‌رهه‌مه‌ سه‌وزه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پێگه‌یشتووه‌، كه‌ پێك دێت له‌ (ته‌ماته‌ و خه‌یار و كوله‌كه‌ و بامێ و كاڵه‌ك و شووتی و بیبه‌ر و باینجان) به ‌پێى ئاماره‌كانى عه‌لوه‌ى هه‌ولێریش ڕۆژانه‌ نزیكه‌ى هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌مى سه‌وزه‌و میوه‌ى هه‌رێم ده‌نێردرێته‌ عه‌لوه‌كه‌وه‌ و له‌وڕێژه‌یه‌ %80 هه‌نارده‌ى پارێزگاكانى خواروو ده‌كرێت.

هێمن عوزێم به‌ڕێوه‌به‌رى عه‌لوه‌ى هه‌ولێر وتى: ״ئه‌و به‌رهه‌مه‌ى له‌ ئێستادا له‌ عه‌لوه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندایه‌ سه‌رجه‌مى به‌رهه‌مى ناوخۆیه‌، ته‌نیا چه‌ند جۆره‌ میوه‌یه‌كى كه‌م نه‌بێت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت״.

وتیشى: ״عه‌لوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ى دابینكردنى به‌رهه‌مى سه‌وزه‌واتى پارێزگاكانى خواروو و‌ ناوه‌ڕاستى عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى دێنه‌ عه‌لوه‌كانى هه‌رێم تواناى ساغكردنه‌وه‌ى نییە، بۆیه‌ له‌ پێداویستیى ناوخۆ زۆر زیاتره ‌و ڕەوانه‌ى ئه‌و پارێزگایانه‌ ده‌كرێن״.

به‌ پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو، هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى یه‌ك ملیۆن و 300 هه‌زار زه‌ویی به‌راوه‌، ساڵانه‌ چه‌ندین به‌رهه‌مى جۆراوجۆرى تێدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێن.

ئه‌نوه‌ر عومه‌ر وته‌بێژى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو ڕاگه‌یاند، به‌رهه‌مى سه‌وزه‌واتى ئه‌مساڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى كوالێت و زۆریى ڕێژه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ئاستێكى زۆر باشدایه،‌ به‌راورد به‌ ساڵانى ڕابردوو، ساڵى ڕابردوو به‌رهه‌مى ناوخۆ تواناى دابینكردنى %80ی پێداویستیى هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ ڕێژه‌ى به‌رهه‌م زۆر زیاتره‌ له‌ پێویستیى ناوخۆ، لە ئێستاشدا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی ٨٥% بەرهەمی سەوزە و میوە هەناردەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکات.

وتیشى: ״به‌ هۆى زۆریى ڕێژه‌ى به‌رهه‌مه‌وه‌ له ‌هه‌وڵى دابینكرنى بازاڕداین بۆ ساغكردنه‌وه‌ى به‌ نرخێكى گونجاو، باجمان خستووەته‌ سه‌ر بەر‌هه‌مى هاورده‌، به ‌شێوه‌یه‌ك له‌ ئێستادا به‌رهه‌مى ده‌ره‌كى داخڵى هه‌رێم نابێت، له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ هاوكاریى دارایى و كارئاسانى بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌رهه‌مى جووتیاران له‌ عه‌لوه‌كانه‌وه‌ بباته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تییه‌كانى حكوومه‌تدا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ وڵاتانى دراوسێدا بۆ كردنه‌وه‌ى بازاڕ״.

به ‌پێى پێشبینییه‌كانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو تا ناوه‌ڕاستى مانگى 11 به‌رهه‌مى ناوخۆ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ به‌رهه‌مهێنان و تواناى پڕكردنه‌وه‌ى پێویستیى ناوخۆى هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌: ئاژانس