بوونی گرووپی تیرۆریستی – تەکفیری داعش لە عێراق وێڕای ئەوەی کە کوشتن، برینداربوون و ئاوارەبوونی دانیشتووانی چەندین ناوچەی ئەم وڵاتەی بە دواوە بووە هاوکات بە لەناوبردنی ژێرخانی ئابوری عێراق لە بەشی کشتووکاڵیدا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو ساڵانە زیاتر لە ٢ ملیۆن تەن گەنم و جۆی جوتیارانی لەناو بردووە.
ئەندامێکی بەرپرس لە ژینگەپارێزی پارێزگای نەینەوا بە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە وتی: سەرهەڵدانی داعش لە سەرجەم بوارەکاندا زیانی بۆ عێراق و عێراقییەکان هەبووە، ئەم گرووپە تیرۆریستی – تەکفیرییە لە ماوەی سێ ساڵ بوونی لە موسڵ بە لەناوبردنی کشتووکاڵی خەڵک، ساڵانە زیاتر لە ٢ ملیۆن تەن گەنم و جۆی لە ناو بردووە.
نەجیبە کەڕار لە درێژەدا وتی: هۆکاری ئەوەی کە عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ لە دابینکردنی گەنم و جۆی پێویستی خۆی سەرکەوتوو نەبوو تیرۆریستانی داعش بوون کە بە لەناوبردنی کێڵگەکانی کشتووکاڵی زیانێکی گەورەیان بە وڵاتی عێراق و خەڵکەکەی گەیاند.
ناوبراو لە درێژەدا هەروەها وتی: ناوچەکانی دەشتی نەینەوا بە تەنیایی توانای وەبەرهێنانی ساڵانە ٢ ملیۆن تەن گەنم و جۆیان هەیە و ئەمەش بەدەر لەو بەرهەمانەی دیکەیە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بە تەواوی لە ناو براوە.
بە وتەی ئەم بەرپرسەی بواری ژینگەپارێزی، بە ئازادکردنەوەی موسڵ ئەم ڕێژەیە لە بەرهەمە کشتووکاڵییەکان بۆ وڵاتی عێراق دەگەڕێتەوە.