له‌ گەرمیان ٥ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت

لە گەرمیان ٥ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت و بەسەر سەرجەم چین و توێژەکاندا دابەش دەکرێت. 

ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانی کەلار راگەیاند، لەمیانەی سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەی گەرمیان، سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان پێدرا، کە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاری راگرتنی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانە درابوو، پڕۆژەکانیش ھەریەک لە پڕۆژەی کۆمپانیاکانی “خەیمەت سەلام” و “بان سیتی” و “سەگرمەورەزگە”بوون. 

سەرۆکی شارەوانی کەلار وتیشی، لە ئێستادا دوو لە کۆمپانیاکان زەوی پڕۆژەکانین بۆ تەرخان کراوە، کۆمپانیای “خەیمەت سەلام” ساید پلانەکەیان پەسەند کراوە و نرخی یەکەکانی دیاریکراوە تەنھا نرخاندنی خزمەتگوزارییەکان ماوە و ئەویش بەمنزیکانە دیاری دەکرێت، چاوەڕێشن مۆڵەتەکەیان بە رەسمی وەربگرن و دەست بکەن بە جێبەجکردنی پڕۆژەکە. 

ھەروەک کۆمپانیای “بان سیتی” کە پێکدێت لە ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون و بۆ کارمەندانی تەندروستی و ئەندازیارانە. ھەروەھا پڕۆژەی مامۆستایان لەلایەن کۆمپانیای “خەیمەت سەلام”ەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ھەزار و ٤٨٠ یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت و تایبەتە بە مامۆستایانی پەروەردە و خوێندنی باڵاش دەگرێتەوە، ئەکرەم ساڵح ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەی کۆمپانیای “سەگرمە و رەزگە” بۆ سەرجەم چین و توێژەکانە و کۆی گشتی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی مۆڵەتیان بۆ وەرگیراوە ٥٠٠٠ یەکەیە.