لە شاری سلێمانی (گروپی ڕۆشنبیری خۆر) دەستی بە هەڵمەتێک کرد بە مەبەستی بەکلتورکردنی کتێب و خوێندنەوە.
“گروپی ڕۆشنبیری خۆر” لە شاری سلێمانی لە کتێبخانەی ماڵی ڕەنگین، بە ئامادەبونی ئەندامانی گروپەکە و کۆمەڵێک لە گەنجی ڕۆشنبیر و خوێنەری شاری سلێمانی لە ژێر ناوی بەکلتورکردنی کتێب و خوێندنەوە، هەڵمەتێکیان دەستپێکرد و تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.
یاداش ڕەسوڵ سەرپەرشتیاری گروپی ڕۆشنبیری خۆر، ئامانج و کار و بەرنامەی گروپەکەیان و مەبەستی هەڵمەتەکەیانی بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو و وتی: “گروپەکەمان گروپێکی ڕۆشنبیری بێ لایەنە و کە مەبەستی بە کلتورکردنی کتێب وخوێندنەوە و هۆشیارکردنەوەی گەنجانە، لە داهاتوشدا هەوڵدەدەین کارەکانمان بە ڕێگای کۆنفرانس و کۆنگرە و سیمینار و کۆکردنەوەی گەنجانی زانکۆ و پەیمانگاکان پێشبخەین، کارەکانمان لە چوارچێوەی شارێک ناهێڵینەوە و لە شارەکانی تریش چالاکیمان دەبێت”.
وتیشی: “گروپەکەمان تەنها گروپی بە کەلتورکردنی کتێب و خوێندنەوە نییە، بەڵکو بەرهەمهێنان و دابینکردنی کتێب بۆ گەنجان و دروستکردنی گفتوگۆ و سیمینار بۆ گەنجان و هەڵمەتی دابەشکردنی کتێب لە ڕۆژی کتێبدا”.
ئەوەشی وت: دەمانەوێت لەم هەڵمەتەوە و لە ڕێگەی کتێبخانەی ماڵی ڕەنگین-ەوە بناغەیەک بۆخۆمان دروست بکەین و پاشان لە داهاتوودا لە شار و شارۆچکەکانی تریش چالاکی ئەنجام دەدەین.