دوو ژن دوو ئابوری‌ هه‌ره‌ بـه‌هـــــێزی‌ ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن

گۆڤاری‌ فۆربس ساڵانه‌ لیستی‌ 100 ژنی‌ هه‌ره‌ به‌هێزی‌ جیهان له‌بواره‌ جیاوازه‌كاندا بڵاوده‌كاته‌وه‌، شه‌ش ساڵی‌ به‌رده‌وامه‌ “ئه‌نگێلا مێركل” راوێژكاری‌ ئه‌ڵمانیا له‌پله‌ی‌ یه‌كه‌مدایه، ئه‌و سه‌ركردایه‌تی‌ به‌هێزترین ئابوری‌ ئه‌وروپا ده‌كات.

مێركل،  به‌كردنه‌وه‌ی‌ سنوره‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌ڕووی‌ سه‌دان هه‌زار په‌نابه‌ردا هه‌رایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ئه‌وروپادا نایه‌وه‌، هەربۆیه‌ ئه‌و له‌لایه‌ن گۆڤاری‌ تایمه‌وه‌ وه‌ك كه‌سایه‌تی‌ ساڵی‌ 2015 دیاریكرا. مێركل چوارهه‌مین ژنه‌ به‌درێژایی‌ 150 ساڵ‌ كه‌ ده‌بنه‌ كه‌سایه‌تی‌ ساڵی‌ ئه‌م گۆڤاره‌، یه‌كه‌مین ژن ڤالیس سیمپسۆن بوو له‌ساڵی‌ 1936، دوه‌میان شاژن ئه‌لیزابێسی‌ دوه‌م له‌ساڵی‌ 1952، سێهه‌میان كۆریز‌وۆن ئه‌كینۆ بوو ساڵی‌ 1986.
 
 Image result
مێركلی‌ ته‌مه‌ن 62 ساڵ‌، هاوڵاتی‌ ئه‌ڵمانیای‌ رۆژهه‌ڵات بو، له‌سه‌رده‌می‌ كۆمۆنیسته‌كاندا ته‌نانه‌ت به‌ده‌ست دابینكردنی‌ كارو بژێوی‌ ژیانی‌ رۆژانه‌یه‌وه‌ گیرۆده‌ بو، به‌ڵام توانی‌ پێش ركه‌به‌ره‌ پیاوه‌كانی‌ بكه‌وێت كه‌ هاوڵاتی‌ ئه‌ڵمانیای‌ رۆژئاوا بون‌و وه‌ك یه‌كه‌مین ژن له‌مێژوی‌ ئه‌ڵمانیا ببێته‌ راوێژكار‌و سه‌ركرده‌ی‌ به‌هێزترین وڵاتی‌ ئه‌وروپا. 

مێركل، ژنێكه‌ به‌ده‌گمه‌ن ده‌رباره‌ی‌ ژیانی‌ تایبه‌تی‌‌و خێزانیی‌ خۆی‌ ده‌دوێت، ده‌رباره‌ی‌ هاوسه‌ری‌ پێشوی‌ تا ئێستا هیچ ناڵێت، ده‌رباره‌ی‌ ئه‌وه‌ش كه‌ بۆچی‌ تا ئێستاش منداڵی‌ نیه‌؟ هیچ نادركێنێت، هه‌مو جارێك ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ش ده‌مكوت ده‌كات كه‌ سه‌ركێشیی ده‌كه‌ن‌و ده‌رباره‌ی‌ ژیانی‌ تایبه‌تی پرسیاری‌ ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ن. ئه‌نگێلا مێركل پێیوایه‌ كه‌ سیاسه‌تمه‌داران پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ كردارو كاره‌كانیان هه‌ڵسه‌نگێندرێن، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌كان‌و ژیانی‌ تایبه‌تیان. 

ئه‌و بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ دایك بێت‌و خاوه‌نی‌ منداڵ‌ بێت، له‌ناو حزبه‌كه‌یدا به‌”دایكی‌ میلله‌ت” ناوده‌برێت، رۆژنامه‌یه‌كی‌ ئه‌ڵمانی‌ له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت “به‌ڕاستی‌ مێركل دایكه‌، كه‌ ده‌ستی‌ میهره‌بانی‌ گرتوه‌ به‌سه‌ر وڵاتدا‌و به‌وپه‌ڕی‌ به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ ئه‌ڵمانیای‌ له‌روی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌‌و كۆمه‌لایه‌تی‌‌و ژینگه‌ییه‌وه‌، له‌سه‌ركه‌وتنێكه‌وه‌ ده‌بات به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنێكی‌ تر”.

مێركل له‌دوای‌ “هیلمۆت كۆل”، دوهه‌مین راوێژكاری‌ ئه‌ڵمانیایه‌ كه‌ سێ‌ جار له‌سه‌ر یه‌ك حكومه‌تی‌ ئه‌ڵمانیا به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت. مێركل له‌كۆله‌وه‌ زۆر نزیك بو، ئه‌مه‌ش رۆڵی‌ هه‌بو له‌هێنانه‌پێشه‌وه‌ی‌ ئه‌ودا. ئه‌و كه‌ ساڵی‌ 1986 بڕوانامه‌ی‌ دكتۆرای‌ له‌فیزیادا به‌ده‌سهێناوه‌، لەساڵی‌ 1990ه‌وه‌ بوه‌ ئه‌ندامی‌ حزبی‌ دیموكرات مه‌سیحی‌‌و هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا وه‌ك نوێنه‌ری‌ ئه‌و حزبه‌ چووه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌‌و پاشان له‌حكومه‌ته‌كه‌ی هێڵمۆت كۆڵدا پۆستی وه‌زاره‌تی كاروباری ژنان‌و لاوانی گرته‌ ده‌ست.

دواترو پاش ئه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك گه‌نده‌ڵی دارایی پارتی یه‌كێتی هه‌ژاند، رێگه‌خۆشبوو بۆ ئه‌وه‌ی مێركڵ ده‌سه‌ڵاتی پارتی یه‌كێتی بگرێته‌ده‌ست، ئه‌وه‌ بوو له‌هه‌نگاوێكی مێژوویی ئه‌و پارته‌داو له‌ 10/4/2000 مێركڵ وه‌ك یه‌كه‌م ژن له‌مێژووداو وه‌ك یه‌كه‌م هاوڵاتیی مه‌سیحیی پرۆستانتی به‌سه‌رۆكی پارته‌كه‌ هه‌ڵبژێردرا.  له‌ 22/11/2005 ئه‌م خانمه‌ بووه‌ یه‌كه‌م راوێژكاری ژن له‌مێژووی ئه‌ڵمانیادا.

ساڵی‌ 2012، گۆڤاری‌ فۆربس مێركلی‌ به‌دوهه‌مین به‌هێزترین كه‌سی‌ دنیا ناوبرد، كه‌ باڵاترین پله‌یه‌ تا ئێستا ژنێك پێیگه‌یشتبێت. هه‌روه‌ها فۆربس له‌ساڵانی‌ 2011و 2012و 2013و 2014و 2015دا، مێركلی‌ وه‌ك به‌هێزترین ژن له‌جیهاندا دیاریكردوه‌. 
ئه‌نگێلا مێركل كه‌ زمانه‌كانی‌ روسی‌‌و ئینگلیزی‌‌و فه‌ره‌نسی‌ ده‌زانێت، له‌شه‌ڕی‌ دژ به‌داعشدا پشتیوانیه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بووه‌.

 Image result for Theresa May
تریزا مایی پاش ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی ڕاپرسی جیابونه‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌یه‌كیه‌تی ئه‌ورپا‌و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ دیڤید كامیرۆن له‌سه‌رۆكی پارتی پارێزگاران‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، به‌سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵبژێردرا، كه‌ دووه‌م به‌هێزترین ئابوری‌ ئه‌وروپایه‌.

مایی‌ دوای ٢٦ ساڵ له‌گرتنه‌ ده‌ستی ئه‌و پۆسته‌ له‌لایه‌ن مارگریت تاتچه‌ره‌وه‌، له‌لایه‌ن هه‌مان حیزبه‌وه‌ وه‌ك دوه‌هه‌مین ژن له‌مێژووی به‌ریتانیادا ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران. 
مایی‌ ته‌مه‌نی‌ 60 ساڵه‌‌و جوگرافیای‌ خوێندوه‌ له‌زانكۆی‌ ئه‌كسفۆرد، له‌ساڵی ١٩٧٧ه‌وه‌ سیانزه‌ پۆستی جیاوازی وه‌رگرتوه‌ كه‌ دواهه‌مینیان وه‌زیری ناوخۆ بووه‌. 17 ساڵه‌ له‌پارتی‌ پارێزگاراندایه‌. له‌ساڵی ١٩٨٨ه‌وه‌ چوه‌ته‌ نێو ژیانی هاوسه‌رییه‌وه‌، به‌ڵام هیچ منداڵێكی نیه‌. 

به‌هۆی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ١٩٩ له‌ئه‌ندامانی حیزبه‌كه‌ی له‌پارله‌مانی‌ به‌ریتانیا  كه‌ ده‌كاته‌ زیاتر له‌ 60%، پۆستی‌ سه‌رۆكی پارتی پارێزگاران‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیای‌ به‌ده‌ستهێنا. 

مایی‌ وه‌ك ئه‌ندامێكی پارته‌كه‌ی‌ له‌هیچ به‌ره‌یه‌كی ڕاپرسییه‌كدا نه‌وه‌ستاو زیاتر خۆی وه‌ك بێلایه‌ن نیشاندا، ئه‌مه‌ش به‌ڕای سیاسه‌تمه‌دارانی‌ به‌ریتانیا، ده‌رفه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێده‌به‌خشێت كه‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی هه‌واداری‌ ده‌رچوون‌و مانه‌وه‌ ڕازی بكات‌و باڵانس له‌نێوانیاندا رابگرێت. 

ئا: ڕێژەن سەردار – گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی