ئێران ژمارەیەک رێککەوتنی نەوتی واژوو دەکات

بریکاری وەزیری نەوتی ئێران، ئەمیرحسێن زەمانی نیا، سەبارەت بە پرۆژەکانی وزە لە ئێران، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە زیاتر لە ٢٥ پرۆژەی وزە بەردەوامن و رایگەیاند ”ئێران لەماوەی ١٠-١١ مانگی داهاتوودا ژمارەیەک رێککەوتنی وزە بە بڕی ٨ بۆ ١٠ ملیار دۆلار واژوو دەکات”.

ئەمیرحسێن زەمانی نیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا لە میانی ٢٢ەمین کۆنگرەی نەوتی جیهاندا، ئاماژەی بەوە کرد کە خوازیارن بڕی ئەو گازە سروشتییەی کە بۆ تورکیای دەنێرن، زیادی بکەن.

زەمانی نیا باسی لەوە کرد ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ٤ ملیۆن بەرمیل رۆژانە بەرزدەکەنەوە و رایگەیاند: ”ئێمە کێشەی کڕیارمان پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی خاو نییە. بەرهەمهێنان و توانای خستنەڕووی نەوتمان، سنووردارە. لەو چوارچێوەیەشدا تا ئەو کاتەی نەوتی خاومان بەدەستەوە هەبێت، کڕیاریان هەیە”.

بریکاری وەزیری نەوتی ئێران ئاشکرای کرد کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی، رێککەوتننامەیەکی بە بڕی ٥ ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێراندا بە مەبەستی پەرەپێدانی قۆناغی ١١ی گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتیی ناوچەکە، پارسی باشوور، واژووکردووە و رایگەیاند ”کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە زیاتر لە ٢٥ پرۆژەی وزە بەردەوامن. ئێران لەماوەی ١٠-١١ مانگی داهاتوودا ژمارەیەک رێککەوتنی وزە بە بڕی ٨ بۆ ١٠ ملیار دۆلار واژوو دەکات”.

سەبارەت بەو رێککەوتنە، هەفتەی پێشوو لە لایەن کۆمپانیای تۆتاڵەوە راگەیەنراوێک بڵاوکرابوویەوە وتێیدا ئاماژە بەوەکرابوو کە رێککەوتنەکە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵە و کارپێکەری پرۆژەکە کە کۆمپانیای تۆتاڵە دەبێتە خاوەنی ٥٠،١ لەسەدای پشکەکان. لەچوارچێوەی پەرەپێدانی قۆناغی ١١ی کێڵگەی گازی سرووشتیی پارسی باشووردا، کۆمپانیای CNPCی چینی خاوەنی لەسەدا ٣٠ پشکەکان و کۆمپانیای پێترۆپارسی ئێرانی خاوەنی لەسەدا ١٩،٩ی پشکەکانە.

لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ پێشنیازێک بە مەبەستی هەڵپەساردنی رێککەوتن لەگەڵ تۆتاڵدا پێشکەشی پەرلەمان کرابوو.