له‌ ئه‌یلوولی ئه‌مساڵدا ریزبه‌ندی نیشتمانیی زانكۆكانی هه‌رێم ته‌واوده‌بێت

 

سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین به‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وۆركشۆپێی زانستی ده‌رباره‌ی میكانیزمی پیاده‌كردنی رێنماییه‌كانی ریزبه‌ندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان له‌ سه‌نته‌ری رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی زانكۆ له‌ شاری هه‌ولێر به‌ست. 

له‌و وۆركشۆپه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌ت و زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین و چه‌ندین مامۆستای زانكۆ ئاماده‌ی بوون باس له‌و میكانیزمه‌ نوێیانه‌ كرا كه‌ ده‌گیرێته‌ به‌ر بۆ پیاده‌كردنی رێنماییه‌كان و زیادكردن و تێكه‌ڵكردنی رێنماییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی ده‌رخستنی رێنمایی نوێ بۆ ریزبه‌ندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانی كوردستان. 

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، یوسف گۆران له‌و وۆركشۆپه‌دا ئاماده‌بوو و له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ وتارێكدا روونی كرده‌وه‌ “ریزبه‌ندی نیشتمانی زانكۆكانی كوردستان هۆكاری راسته‌قینه‌ی حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ده‌بن له‌ ئه‌نجامدانی ریفۆرمی باڵا و ئاستی گه‌شه‌پێدانی خوێندن تێیاندا، هه‌روه‌ها هۆكارێكی گرنگ ده‌بێت بۆ چاكسازی له‌ سیسته‌می خوێندنی باڵا، له‌م پێناوه‌شدا ده‌توانیین كاری زیاتر له‌ پێناو گه‌شه‌پێدانی خوێندن بكه‌ین”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ روو كه‌ ئێستا له‌ رێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ ده‌توانرێت زانیارییه‌كانی سه‌رجه‌م زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبخرێت و هه‌موو زانكۆكان و زانیارییه‌كانییان به‌یه‌ك به‌ستراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌رچی توێژینه‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش خراونه‌ته‌ به‌رده‌ست. 

دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا، یوسف گۆران رایگه‌یاند “ئه‌مڕۆ وۆركشۆپێكمان هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی ریزبه‌ندیی نیشتمانی زانكۆكان، ئێوه‌ ده‌زانن ئه‌وه‌ بۆ ساڵی سێیه‌م ده‌بێت ریزبه‌ندی نیشتمانی زانكۆكان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامده‌درێت، تێیدا زانكۆكان له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ندێك پێوه‌ری زانستی و ئه‌كادیمی و نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆی ریزبه‌ند ده‌كرێن، ئێمه‌ دێین قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌مساڵ چۆن كاره‌كانمان كردووه‌، چۆن گۆڕانكارییمان له‌ پێوه‌ره‌كان كردووه‌، ئه‌م وۆركشۆپه‌ بۆ ئه‌بده‌یتكردنی ئه‌و رێنماییانه‌ و خستنه‌روویانه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ هه‌بێت و شتی تازه‌ش هه‌بێت چاره‌سه‌ریان بكه‌ین له‌ پێناو گه‌شه‌پێدانی زیاتری خوێندن و ئاستی خوێندنی باڵا”.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ له‌ كۆتایی مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵدا ئاستی زانكۆكان و ریزبه‌ندییان بۆ ئه‌مساڵ ته‌واو ده‌بێت و دواتر له‌ كۆنفڕانسێكدا راده‌گه‌یه‌نرێت.