بۆرسەی بەغدا مامەڵەی بانكی كوردستانی ڕاگرت

دەستەی كاغەزە داراییەكانی عێراق مامەڵەكردن لەگەڵ هەشت كۆمپانیا و بانكی عێراق ڕادەگرێت، كە یەكێكیان بانكی كوردستانە كە بارەگاكەی لە هەرێمی كوردستانە و ئەوەش بە هۆی ئاشكرانەكردنی داهات و قازانجەكانیانەوەیە.

ئەیسەر جەبار وتەبێژی دەستەی كاغەزە داراییەكانی عێراق بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״مامەڵەی هەشت كۆمپانیا و بانكمان لە سەرانسەری عێراقدا ڕاگرتووە، كە یەكێكیان بانكی كوردستانە״.

بانکی كوردستان نزیكە لە نیچێرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە و لقی لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە و پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دراوی داهاتی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمیش ئەنجام دەدات.

ئەیسەر جەبار وتیشی: ״101 كۆمپانیا و بانكمان لە بۆرسەدا هەیە، بڕیاری ڕاگرتنەكەش بە هۆی ئەوەوه‌ بووە كە داهات و قازانجی چارەكی یەكەمی ئەمساڵیان ئاشكرا نەكردووە و ڕاگرتنەكەش بۆ ماوەی یەك مانگ دەبێت، وەك ئاگاداركردنەوەیەك تا ئەو كاتەی وردەكاریی داهات و قازانج ئاشكرا دەكه‌ن״.