ستۆدیۆی کابان لە سلێمانی كرایه‌وه‌

ستۆدیۆیەکی تایبەت بە تۆمارکردنی دەنگ لە سلێمانی دەکرێتەوە و بەڕێوبەری رۆشنبیریش دەڵێت: “ئەرکمان ئەوەیە رێگەنەدەین قەیرانەکانی هەرێم کاریگەریی لەسەر هونەر بکات”.

بۆ یەكەمجار لە سلێمانی و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ستۆدیۆی دەنگی كابان كرایەوە، كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە كاری بۆ دەكرێت و هونەرمەندان دەتوانن بەشێوازێكی نوێی سەردەمیانە بەرهەمەكانیان تۆماربكەن.

بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی رایگەیاند؛ ئەرکی ئێمە ئەوەیە هەمو هەوڵێک بدەین کە قەیرانەکانی هەرێم کاریگەریی نەکاتە سەر بواری هونەری و رۆشنبیری .

وتیشی: “ئێمە دەزانین وڵاتی ئێمە لە قەیراندایە، بەڵام دەبێت بە مۆسیقا خۆراکی رۆحی دڵی هاوڵاتیان خۆش بکەین”.

هاوکات میرا میرانی رایگەیاند؛ ستۆدیۆی دەنگی کابان لە ئاستی تەکنیک و تۆمارکردندا پێشکەوتو و سەردەمیانەیە و هیواداراین هونەرمەندان بتوانن سودی لێوەرگرن و بۆ تۆمارکردنی بەرهەمەکانیان رو لە وڵاتانی بیانی نەکەن.