40 سه‌ركرده‌ی‌ وڵاتان له‌دافۆس كۆده‌بنه‌وه‌

سه‌رۆكی‌ مونته‌دای‌ ئابوری‌ جیهانی‌ ڕایگه‌یاند، بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ مونته‌دا له‌دافۆس كه‌ بڕیاره‌ له‌م مانگه‌دا ئه‌نجامبدرێت، میوانداری‌ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ وڵاتانی‌ جیهان ده‌كرێت.
(كلاوس شفاب) سه‌رۆكی‌ مونته‌دای‌ ئابوری‌ جیهانی‌ له‌دیدارێكیدا به‌ڕۆژنامه‌ی‌ (سونتاگ سایتونگ)ی‌ سویسری‌ ڕاگه‌یاندووه‌، بۆ مونته‌دای‌ ئه‌مساڵ ئه‌مریكا‌و چین هاوشێوه‌ی‌ ساڵانی‌ پێشووی‌ به‌شداری‌ ناكه‌ن، به‌ڵام پێده‌چێت نزیكه‌ی‌ (40) سه‌ركرده‌ی‌ وڵاتان به‌شداری‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بكه‌ن، كه‌ له‌دافۆس ئه‌نجامده‌درێت.
شفاب باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌، پێده‌چێت به‌ریه‌ككه‌وتنێكی‌ ئابوری‌ گه‌وره‌ له‌مساڵدا ڕووبدات، بانكه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕێكخراوو بێسه‌ر‌وبه‌ره‌ كاره‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن، هاوكات كه‌سانێكیش هه‌ن كه‌ ڕكابه‌ری‌‌و ڕسكی‌ زۆر ده‌كه‌ن، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ گوێ‌ به‌بنه‌ما یاساییه‌كان بده‌ن.
كلاوس شفاب ڕاشیگه‌یاند، پێویسته‌ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌‌و به‌یاساییكردنه‌وه‌ی‌ كاری‌ دراو‌و بانكه‌كان، له‌سه‌رتاسه‌ری‌ جیهاندا یاسای‌ نوێ‌ دابڕێژرێته‌وه‌.
مونته‌دای‌ ئابوری‌ جیهانی‌، كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ له‌شاری‌ دافۆس ئه‌نجامده‌دات، له‌نێوان ڕۆژانی‌ (23 بۆ 27 كانونی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ 2013 زاینی‌)، به‌رامبه‌ر به‌ (3 بۆ 7ی‌ ڕێبه‌ندانی‌ ساڵی‌ 2712ی‌ كوردی‌).