لەسەر كەمبوونەوەی ئاو، ناكۆكی دەكەوێتە نێوان وەزارەتەكانی كارەباو شارەوانییەوەو یەكتری تۆمەتبار دەكەن.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتی كارەبای تۆمەتبار كرد بەوەی كارەبای پێویست بۆ پڕۆژەكانی ئاو دابین ناكات بۆیە كەمبوونەوەی ئاو لە چەند ناوچەیەك روویداوە. لە بەرامبەریشدا وەزارەتی كارەبا روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان دەڵێت، لێكتێنەگەشتنێك هەیە لەنێوان وەزارەتی كارەباو وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەوەی گوایە كێشەی كەمی ئاو پەیوەندی بەبڕی پێدانی كارەباوە هەبێت.
ئاشكراشی كردووە، وەزارەتی كارەبا بە بەردەوامی هاوكاری وەزارەتی شارەوانی كردووە بەپێدانی كارەبای بەردەوامی ٢٤ كاتژمێری بۆ پرۆژە ستراتیژییەكانی ئاو و بگرە بەشێك لەبیرەكان دوو سەرچاوە كارەبایان بۆ دابینكراوە. بۆیە هەر كێشەیەك لەكەمی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ كێشەی تەكنیكی لەوەزارەتی شارەوانی.
لە لایەكی تریشەوە، بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیارمان بۆ هاتووە كە ئەو كارگەو موڵكانەی كارناكەن بیانفرۆشین بەكەرتی تایبەت.
عەبدولرەزاق عوسمان ناوەندەی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان (31) كارگەو زەوی و خانووی موڵكی لە وەزارەت هەیە كە سوودێكی ئەوتۆیان نەبووە، یان داهاتیان نەبووە، بۆ ئەوەی بتوانین خەرجی كەمبكەینەوەو داهات زیادبكەین، بڕیارێك لەئەنجومەنی وەزیرانەوە هاتووە كە بفرۆشرێن یان بەكرێ بدرێن بەكەرتی تایبەت.
وتیشی، ئەمكارە سود دەگەیەنێت بەحكومەت و خەرجی كەمدەكاتەوە، پارەكەشی دەچێتەوە خەزێنەی حكومەت، لەم حاڵەتەشدا هەلی كار پەیدادەبێت و باجی كارگەكانی كەرتی تایبەتیش داهاتێكە بۆ هەرێمی كوردستان.
هاوكات، پەرلەمانتارێكی كوردستان دەڵێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان كەرتی كشتوكاڵی پەراوێز خستوە و جوتیارانیش ناچاربوون گەنم و بەروبومەكانیان لەبازاڕی رەشدا ساغبكەنەوە.
عەبدولڕەحمان عەلی رەزا ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان كەرتی كشتوكاڵی پەراوێز خستوە و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەكردووە بۆ برەودان بەم سێكتەرەو ئەمەش سەرجەم جوتیارانی نائومێد كردووە.
ئاشكراشی كرد، نەبوونی متمانەی جوتیاران بە حكومەتی هەرێم و ناوەند، ناچاری كردوون زۆربەیان گەنم و بەروبوومەكانیان لە بازاڕی رەشدا ساغ بكەنەوە.
لە لایەكی ترەوە، سەرۆكی دەستەی ژینگە ئاشكرای دەكات، ئەو پارەیەی بەناوی ژینگەوە لە مامەڵەی هاووڵاتیان وەردەگیرێت بۆ ژینگەی كوردستان خەرج ناكرێت.
حاكم سەمەد محەمەد سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرجەم ئەو پارانەی بە ناوی ژینگەوە لە مامەڵەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت نادرێت بە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەو بۆ ژینگەی كوردستان خەرج ناكرێت.
راشیگەیاندووە، بۆ ئەو مەبەستە لە دانوستانی بەردەوامداین لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردسان بۆ ئەوەی بە بڕێكی ئەو پارانە برەو بە ژینگەی هەرێمی كوردستان بدەین.
كوردستانی نوێ