ھەمەدان داوای بەھێزکردنی کاری بازرگانی لەگەڵ سلێمانی دەکات


بۆ زیاتر کارکردن و بەھێزکردنی کارە بازرگانی و پیشەسازیەکان شاندێکی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی شاری ھەمەدان سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیان کرد.

یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێشوازی کرد لە شاندێکی شاری ھەمەدان کە پێکھاتبون لە بازرگانان و پیشەسازان لەبارەی پەیوەندیەکانەوە گفتوگۆکرا.

ئاغای نادی بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی ھەمەدان لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند” وەک نوێنەری ٧٥ کۆمپانیای ھەمەدان لە بوارەجیاوازەکان و نوێنەری پارێزگاری  ھەمەدان سەردانی شاری سلێمانیمان کردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆکردن لەگەڵ بازرگانان و پیشەسازانی سلێمانی وە بتوانین لە ڕێگەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیەوە ھاوبەشی زیاتر دروستببێت لەنێوان ھەردولادا “.

ئاماژەی بەوەشدا”  ھەمەدان پەیوەندییەکی بازرگانی و پیشەسازی بەھێزی ھەیە لەگەڵ کوردستان کەساڵانە ڕێژەکە زیادی کردووە وە پێشبینی دەکەین لەکۆتای ئەمساڵدا بەبەھای ١٠٠ ملێۆن دینار کاری بازرگانیمان ھەبێت لەگەڵ عێراقدا ئەم ڕێژەیەش ساڵانە لەزیادبوندایە”.

لای خۆشیەوە یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری سەرۆکی ژوور ڕایگەیاند” ئێمە ھەمیشە ھاوکاری کاری بازرگانیمان کردووە لە نێوان ھەردولادا دەشمانەوێت کارەکانمان بەشێوەیەکی پتەو بەھێزبێت و بتوانین کاری زیاتر بکەین تا بازاڕی بازرگانی و ئابوریمان بەھێزتربێت بەڵام پێویستە بازرگانانی ئێران بەتەواوی خۆیان بێنە پێشەوە نەک کەسانێک بێن کە تەنھا کاری ڕێکخستن دەکەن لە نێوان بازرگانە گەورەکان و بازرگانەکانی سلێمانی پێویستە خۆیان بێن وەک کارگە بەھێزەکان”.

ڕاشیگەیاند” بازرگانانی ئێران پێویستە کوالێتی مادەکانیان بەرزبێت و مونافەسەی مادەکانی تربکات نەک بەکوالێتی نزم بینێرن بۆ کوردستان وە پێویستە ھەوڵبدەن کارخانەکانیان بھێنن لە کوردستاندا کاری وەبەرھێنان بکەن چونکە کوردستان لە ڕوی ئاسایشەوە پارێزراوە و پێویستە کارگەکانیان بھێنن”.

ڕاشیگەیاند” ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھەمیشە پەیوەندی باشی ھەبووە لەگەڵ بازرگانانی ھەمەدان وە پێمان باشە بازرگانانی ھەمەدان بێن لە سلێمانی پێشانگایەک بکەنەوە و کارەکانیان و مادەکانی خۆیان بناسێنن وە پێویستە لە سلێمانی سەرمایە گوزاری بکەن و لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە پەیوەندی بازرگانی بەھێزبکەن”

ھەمەدان یەکێکە لە شارەکانی وڵاتی ئێران و ناوەندی ئەم ناوچە لە ڕۆژاوای ئێراندایە و ناوچەیێکی شاخاویدایە.