بۆ خانوو و ڤێلای ناو باخەکان بڕیاری نوێ دەردەکرێت

وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم رێنماییەکی نوێ بۆ دروستکردنی خانوو لەناو باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەردەکات و بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لەوەزارەتەکەش رایدەگەیەنێت: بڕیارەکە لە(15)ی ئەم مانگەوە دەردەچێت، ھەر خانوویەک لەگەڵ رێنماییەکەدا بگونجێت مۆڵەتی پێدەدرێت، بەپێچەوانەوە بەزیادەڕۆ لەقەڵەم دەدرێت و پێویستە لاببرێت.

ئەنوەر عومەر بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لەوەزارەتی کشتوکاڵ  راگەیاند: وەزارەتی کشتوکاڵ تاوتوێی دەرکردنی رێنماییەکی نوێ دەکات بۆ دروستکردنی خانوو لەناو باخ و زەوییە کشوکاڵییەکان لەداھاتوودا.

وتیشی: ئەو بابەتە تاوەکو (15)ی تەمموز لەژێر دیراسەکردندایە، پاشان بڕیار لەبارەی رێنماییەکانەوە دەدرێت.

سەبارەت بەو ڤێلاو خانووانەی لەئێستادا لەناو باخ و زەوییە کیشتوکاڵییەکاندا دروستکراون، ئەنوەر عومەر وتی”ھیچ بڕیارێک بۆ دروستکردنی ڤێلا نییە، ئەسڵەن نابێت ڤێلا دروست بکرێت، پێویستە لاببرێن”.

وتیشی:ئەو خانووانەی ئێستا لەناو باخ و زەوییە کشتوکاڵییەکان دروستکراون، ئەگەر لەگەڵ ئەو رێنماییانەدا بگونجێت کە لەداھاتوودا دەردەچێت، مۆڵەتی پێدەدرێت، بەپێچەوانەوە بەزیادەڕۆ لەقەڵەم دەدرێت و پێویستە لاببرێن.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ڤێلاو خانووانەی دروستکراون بەبێ مۆڵەت لادەبرێن، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان دەشڵێت”رەنگە لەئێستادا نەتوانرێت ئیجرائات لەگەڵ ئەو خانوانەدا بکرێت کە بەبێ مۆڵەت لەناو باخەکاندا دروستکراون، بەڵام ھەر زیادەڕۆن”.