ئه‌م 17 وڵاته‌ به‌ نرخێكی گونجاو پاسپۆرت و ڕه‌گه‌زنامه‌ت ده‌ده‌نێ

به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی “سی ئێس گڵۆباڵ پارتنرز”، 89٪ی خه‌ڵكی دنیا له‌ ساڵی 2017، خوازیارن بگه‌ن به‌ ڕه‌گه‌زنامه‌یه‌كی تر جگه‌ له‌وه‌ی خۆیان، هه‌روه‌ها 80٪ ئاماده‌ن به‌شێكی داهاتی ساڵانه‌یان بۆ ده‌ستكه‌وتنی پاسپۆرتێكی تر خه‌رج بكه‌ن.

له‌گه‌ڵ زیادبوونی ویستی خه‌ڵكی دنیا به‌ هه‌بوونی پاسپۆرتێكی تر، ڕیزبه‌ندیی ئه‌و 17 وڵاته‌ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا داده‌نرێ كه‌ ئاماده‌ن پاسپۆرت و ڕه‌گه‌زمانه‌ و مافی نیشته‌جێبوونی به‌رده‌وام به‌ پاره‌ بده‌ن.

ئه‌مانی خواره‌وه‌ ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ به‌پێی گرنگیی پاسپۆرت و ڕه‌گه‌زنامه‌كه‌یان:

17- تایلاند
حكوومه‌تی تایلاند، به‌رامبه‌ر پێنج ساڵ نیشته‌جێبوونی تایبه‌ت، 15 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرێ و له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌مان مافی هاووڵاتییه‌كی وڵاته‌كه‌ ده‌دات، دوای ماوه‌كه‌ش هه‌ر كه‌س مایه‌وه‌، ده‌توانێ داوای ڕه‌گه‌زنامه‌ و پاسپۆرتی وڵاته‌كه‌ بكات.

16- لاتڤیا
وڵاتی لاتڤیان بۆ مانه‌وه‌ی دوو ساڵ، 73 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرێ، به‌ڵام دوای ئه‌و ماوه‌یه‌، پاسپۆرت و ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵاته‌كه‌ت پێ ده‌به‌خشێ.

15- سانت لۆسیا
وڵاتێكی بچووكه‌ له‌ دورگه‌كانی كاریبی، به‌رامبه‌ر 100 هه‌زار دۆلار، ده‌توانی ڕاسته‌وخۆ پاسپۆرتی وڵاته‌كه‌ت ده‌ست بكه‌وێ كه‌ بۆ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا بێ ڤیزا ده‌توانی هاتوچۆ بكه‌یت.

14- دۆمینیكا
به‌ هه‌مان شێوه‌ی وڵاتی سانت لۆسیا، له‌م وڵاته‌ش به‌ 100 هه‌زار دۆلار ده‌گه‌ی به‌ هه‌موو مافه‌كانت وه‌ك هاووڵاتییه‌كی ئه‌وێ.

13- ماڵتا
بۆ پێدانی ڕه‌گه‌زنامه‌ و پاسپۆرت، وڵاتی ماڵتا 170 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرێ، به‌ڵام پاره‌كه‌ له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵ وه‌رده‌گرێ و دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ ئینجا به‌ ته‌واوی ده‌بیته‌ هاووڵاتیی ئه‌وێ.

12- گرینادا
به‌ پێدانی 200 هه‌زار دۆلار به‌ حكوومه‌تی گرینادا، ده‌توانی ڕاسته‌وخۆ پاسپۆرت و ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵاته‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنی.

11- سانت كیتس ئاند نیفس
ئه‌م وڵاته‌ش دورگه‌یه‌كی بچووكه‌ له‌ دوورگه‌كانی كاریبی، به‌ 250 هه‌زار دۆلار هه‌موو مافه‌كانی وڵاته‌كه‌ ده‌به‌خشێ.

10- یۆنان
یه‌كێكه‌ له‌ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و گرنگیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، هه‌ركه‌س بتوانێ له‌وێ بایی 285 هه‌زار دۆلار موڵك بكڕێ، ئه‌وا ده‌بێته‌ خوان پاسپۆرت و ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵاته‌كه‌.

9- ئه‌نتیگوا ئاند باربۆدا
ئه‌میش هاوشێوه‌ی دوورگه‌كانی كاریبییه‌، پێویسته‌ 250 هه‌زار دۆلار ببه‌خشین به‌ سندوقی گه‌شه‌پێدانی نیشتمانی، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ پاسپۆرت و ڕه‌گه‌زنامه‌ وه‌رگری.

8- پرتوگال
وڵاتێكی ئه‌وروپایی جوانه‌ و تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ شوێنێكی گه‌شتیاریی خۆشه‌، جۆره‌ ڤیزایه‌كی هه‌یه‌ پێی ده‌گوترێ ڤیزای زێڕین، ده‌درێ به‌و كه‌سانه‌ی له‌ كه‌رتی خانوبه‌ره‌دا 350 هه‌زار دۆلار ده‌خه‌نه‌ كاره‌وه‌، ئه‌و ڤیزایه‌ مافی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی به‌ كه‌سه‌كه‌ ده‌به‌خشێ.


7- ئه‌مه‌ریكا
كه‌س نییه‌ گرنگی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا نه‌زانێ و زۆربه‌ی خه‌ڵكی دنیا خه‌وی پێوه‌ ده‌بینن، به‌ وه‌به‌رهێنان له‌ وڵاته‌كه‌دا به‌ بڕی نیو ملیۆن دۆلار، مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ت پێ ده‌درێ له‌ وڵاته‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش پاش دوو ساڵ ده‌بێته‌ مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی بۆ كه‌سه‌كه‌ و خانه‌واده‌كه‌ی.

6- ئیسپانیا
بیر بكه‌ره‌وه‌ له‌ وڵاتێكی وه‌ك ئیسپانیا بژیت و هه‌موو یارییه‌كی كلاسیكۆی نێوان ڕیال مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌یت و له‌ ژیانێكی نێوان ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بژیت كه‌ زۆر كه‌س خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن، بۆ ئه‌مه‌ پێویسته‌ 570 هه‌زار دۆلار له‌ كه‌رتی خانوبه‌ره‌دا دابنێی.

5- بولگاریا
وڵاتی بولگاریاش به‌ هه‌مان شێوه‌ی وڵاتی ئیسپانیا، حكوومه‌ت داوای هیچ پاره‌یه‌كت لێ ناكات، به‌ڵام پێویسته‌ خۆت پڕۆژه‌یه‌ك له‌ وڵاته‌كه‌دا جێبه‌جێ بكه‌یت كه‌ نرخه‌كه‌ی بگاته‌ 580 هه‌زار دۆلار.

4- كه‌نه‌دا
به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی هه‌یه‌تی، خه‌ریكه‌ كه‌نه‌دا ده‌بێته‌ خه‌ونی زێڕین، خۆشی به‌هۆی زۆریی خاكه‌كه‌ی و كه‌میی دانیشتوانی، خه‌ڵكی وه‌رده‌گرێ. بۆ ئه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌ ڕاسته‌وخۆ ببیته‌ خاوه‌نی ڕه‌گه‌زنامه‌، پێویسته‌ 800 هه‌زار دۆلار له‌ وه‌به‌رهێناندا خه‌رج بكه‌یت. ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشییه‌ بۆ خه‌ڵكی عێراق و سووریا، پێویستی به‌و هه‌موو پاره‌یه‌ نییه‌، پاش ماوه‌یه‌ك وه‌ك په‌نابه‌ر، ته‌واوی مافه‌كانت پێ ده‌به‌خشێ.

3- ئوسترالیا
ئوسترالیا وڵاتێكی تایبه‌ت و خۆشه‌ و پاسپۆرت و ڕه‌گه‌زنامه‌كه‌ی هیچی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا كه‌متر نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌ییت پێ ببه‌خشن، ده‌بێ ملیۆنێك و 100 هه‌زار دۆلار له‌ پڕۆژه‌كانی حكوومه‌ت خه‌رج بكه‌یت.

2- قوبروس
قوبورسی یۆنان، شوێنێكی گه‌شتیاریی گرنگه‌ و ئه‌وروپییه‌كان خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن، به‌ كڕینی خانوبه‌ره‌ به‌ بڕی ملیۆنێك و 700 هه‌زار دۆلار، ڕاسته‌وخۆ ده‌بیته‌ خاوه‌نی هه‌موو مافه‌كانت له‌و وڵاته‌.

1- نیوزیلاندا
وڵاتی نیوزیلاندا كه‌ یه‌كه‌م وڵاته‌ له‌ دنیادا بۆ ڕێژه‌ی داهاتی تاك، ئه‌گه‌ر له‌وێ دوو ملیۆن و 200 هه‌زار دۆلار له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا بخه‌یته‌ كه‌رتی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌، ده‌بیته‌ خاوه‌نی هه‌موو مافێكی خۆت له‌ وڵاته‌كه‌دا.