گڕووپی کۆمپانیاکانی فاو (FAW Group Corporation) ئاشکرایکرد ئامادەکارییان بۆ وەرگرتنەوەی ٦٨٠ هەزار و ٦٤٢ ئۆتۆمبێل کردووە بەهۆی بوونی کێشە لە کیسی هەواکانیاندا (Airbag).
فەرمانگەی چاودێرییکردنی کوالێتی و بەدواداچوونی چین، رایگەیاند کۆمپانیای (FAW) لە مانگی ئازاری ساڵی داهاتووەوە دەست بە کۆکردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی جۆری ”مازدا 6” دەکات کە لە نێوان ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٨ تاکو ٣١ی ئازاری ٢٠١٦دا فرۆشتوونی.
ئاماژە بەوەشکراوە کێشەکانی (Airbag)ی ئەو ٦٨٠ هەزار و ٦٤٢ ئۆتۆمبێلە بە خۆڕایی لەلایەن کۆمپانیای بەرهەمهێنەوە، چارەسەردەکرێت و چاکدەکرێنەوە.
FAW کە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەرانی جیهانیی ئۆتۆمبێل، لەوانەش ڤۆڵکسواگن و مازدا هەیە، یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی درووستکردنی ئۆتۆمبێل لە چین.
کۆمپانیا چینی و نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنی ئۆتۆمبیل، لەماوەی ٥ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٤ ملیۆن و ٤٩٠ هەزار ئۆتۆمبێلیان داواکردبوویەوە کە کێشەیان تێدابوو.