لە ماوه‌ی قه‌یرانی داراییدا، پێنج هەزار خانووی پلاستیكیی دروستكراوه‌

 تەنگژەی دارایی كاروكاسبی خەڵكی كەم كردووە و ئەوەش تا ڕادەیەك بۆته‌ هۆی بوژاندنەوەی كه‌رتی كشتوكاڵ، بێ پارەیی كە ژیانی لە شارەكانی كوردستان قورس كردووە، خەڵكێك ڕوویان كردووەتە پیشەی چاندن و بژێویان لە كشتوكاڵ به‌ده‌ست ده‌هێنن، كە لە نێویاندا خانووی پلاستیكی كشتوكاڵ به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌زیادبوونه‌ و تەنیا لە سێ ساڵی ڕابردوو دا، زیاتر لە پێنج هەزار خانووی پلاستیكی دروستكراون.

كەمال محەمەد ڕەسول بەڕێوەبەری خانووی پلاستیكی لە وەزارەتی كشتوكاڵ ڕایگه‌یاند “ئێستا خەڵكێكی زۆر ڕوویی لە كشتوكاڵ كردووە، كە تەنیا لە ماوەی سێ ساڵ دا، زیاتر لە پێن هەزار خانووی پلاستیكی دروستكراوون و ژماره‌شیان له‌ زیاد بوونه‌”.

كەمال محەمەد سه‌باره‌ت به‌ گرنگی خانووه‌ پلاستیكیه‌كان ده‌ڵێت: ئەو خانوانە چوار وەرزە بەرهەم دەدەن و بەهۆیانەوە دەتوانرێت كوردستان خۆی لە ساغكردنەوەی بەرهەمی دراوسێكانی قوتار بكات و بگاتە ئاستی خۆ بژێوی. بەڵام ” لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو خانووە پلاستیكیانە، سیستەمی گەرمی و ساردیان نییە، تەنیا لە مانگی سێ تا مانگی 11 بەرهەمی خەیار و تەماتە و باینجانیانی كوردستان هەن و دواتر سەوزە لەو خانووە پلاستیكیانە، جێی ئەو بەرهەمانە دەگرێتەوە”.

 سه‌باره‌ت به‌وەی زۆربەی خانووە پلاستیكییەكان ڕویان لە چاندنی به‌رهه‌می خەیار كردووە، كەمال محەمەد ڕایگه‌یاند: خەیار زووتر پێ دەگات و بەرهەمیشی زیاترە. ئه‌و ده‌ڵێ” هه‌وڵمان داوه‌ بۆ ساڵی داهاتوو، به‌رهه‌می خه‌یار ڕه‌وانه‌ی وڵاتی دوبه‌ی بكه‌ین و له‌ ناوخۆش ده‌رفه‌ت بۆ درووستكردنی كارگه‌ی خه‌یاری سوێركراو بڕه‌خسێندرێت و هاورده‌ی ڕابگیرێت”. كه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌ت پێی وایه‌، ئه‌و هه‌وڵانه‌ جووتیاران له‌ مایه‌پووچی و زیان ده‌پارێزێت.

به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌ت، پێویستی ساڵانه‌ی خه‌یار له‌ كوردستان زیاتر له‌ ١١٠ هه‌زار ته‌نه‌، كه‌ به‌رهه‌می ناوخۆ له‌ وه‌رزه‌كانی به‌هار و پایز نزیكه‌ی ٧٠ هه‌زار ته‌نه‌ و له‌ به‌رهه‌می ته‌ماته‌ش دا كه‌ له‌و خانوه‌ پلاستیكیانه‌ دا ده‌چێندرێت، خۆبژێوی ٨٦ هه‌زار ته‌نه‌، له‌ كاتێكدا پێویستی ١٨٨ هه‌زار ته‌نه‌. هه‌ڵبه‌ت به‌ بڕوای كه‌مال محه‌مه‌د به‌رهه‌می ناوخۆ گه‌لێك زیاترن له‌و ژمارانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو به‌رهه‌مه‌كان ناهێندرێنه‌ عه‌لوه‌كان و زۆریان هه‌ر له‌ ڕه‌زه‌كانه‌وه‌ ده‌فرۆشرێن.

خانووی پلاستێكی كشتوكاڵ، 51 مەتر و نیو درێژ و 9 مەتر پانە، كه‌ نزیكه‌ی هه‌زار و ٢٥٠ شتڵی تێدا ده‌چێندرێت، به‌وپێیه‌ له‌ هه‌ر وه‌رزێك، زیاتر له‌ هه‌شت ته‌ن به‌رهه‌می خانویه‌كه‌. ئەمڕۆ دوو هەزار دۆلار تێچووەكەیەتی و جگە لە باشی و ڕێكی بەربووم، بەرهەمیشی زیاترە، ئاخر گوڵەكان لە هەڵوەرینی دەم ڕەشەبا دەپارێزێت.