سلێمانى.. كچێك كتێبخانه‌یه‌ك دەکاتەوە

له‌ شارى سلێمانى كچێك بە ناوی ره‌نگین جه‌مال بۆ زیاتر به‌ كولتوركردنى خوێندنه‌وه‌ و پڕ زانیاریكردنى خوێنه‌ران كتێبخانه‌یه‌كى به‌ ناوى (كتێبخانه‌ى ره‌نگین) کردووەتەوە.

ره‌نگین له‌ ساڵى 1993 له‌ شارى سلێمانى له‌ دایك بووه‌ و ده‌رچووى زانكۆى سلێمانی به‌شى زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانە.

ره‌نگین جه‌مال رایگه‌یاند: “خولیایه‌كى زۆرم هه‌یه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى كتێب بۆیه‌ بیرم كرده‌وه‌ كارێك کە تاوه‌كو ئێستا نه‌كرابێت دانانى كتێبخانه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ئافره‌تێكه‌وه‌ به‌رێوه‌ببرێت، بۆیه‌ بڕیارم دا ئه‌م كتێبخانیه‌ بکەمەوە”.

وتیشى: “کردنەوەی ئه‌م كتێبخانه‌یه‌ یه‌كه‌مین كاره‌ كه‌ له‌ شارى سلێمانى ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ئافرەتێك كتێبخانه‌ بکاتەوە، بۆیه‌ ئاواتەخوازم ئافره‌تان له‌دواى منه‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ هه‌ڵبنێن و هه‌نگاوه‌كانى من ته‌واو بكه‌ن”.

خاوەنی كتێبخانه‌ى ره‌نگین له‌باره‌ى كتێبخانه‌كه‌وه‌ دەڵێت “كتێبخانه‌ى ره‌نگین له‌ سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانى كتێب پێكهاتووه‌ هه‌موو جۆره‌ كتێبێكى تێدایه‌ له‌ ئاینده‌شدا كتێبى زمانه‌ جیاوازه‌كان بۆ كتێبخانه‌كه‌مان زیاد ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ كتێبخانه‌كه‌ش كافتریایه‌كمان کردووەتەوە بۆ ئه‌وه‌ى خوێنه‌ران به‌ بتوانن كتێب بخوێننه‌وه‌ و كاتێكى خۆش به‌سه‌ر به‌رن”.

له‌باره‌ى سه‌ردانكردنى خوێنه‌ران بۆ كتێبخانه‌كه‌ ره‌نگین جه‌مال وتى: “كتێبخانه‌كه‌ ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته‌یه‌ كراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا له‌ لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه‌ پێشوازیه‌كى زۆری لێكراوه‌ و، رۆژانه‌ش خوێنه‌رێكى زۆر سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و كتێب ده‌كڕن”.

ناوبراو هیواى خواست كه‌ هاووڵاتییان له‌ جیهانی كتێب و خوێندنەوە دانه‌بڕێن و وتی: “جیهانی كتێب و خوێندنەوە پڕە له‌ زانیاری کە ده‌توانن سوودى لێوه‌ربگرن”.
 
سروه‌ عه‌لى كچێكى ته‌مه‌ن 20 ساڵه‌ سه‌ردانى كتێبخانه‌ى ره‌نگینى كرد بوو ئه‌و له‌ باره‌ى کردنەوەی ئه‌و كتێبخانه‌یه‌ وتی: “زۆر دڵخۆشم به‌وه‌ى ئه‌و كچه‌ توانیویه‌تى ئه‌م كتێبخانەیه‌ بكاته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ خزمه‌تێكى گه‌وره‌یه‌ به‌ شارى سلێمانى”.

وتیشى: “رۆژانه‌ سه‌ردانى ده‌كه‌م كتێب و ده‌خوێنمه‌وه‌ وه زۆریش ئاسوودەم بەوەی کە كچێك به‌رێوه‌ى ده‌بات”.

سروه‌ عەلی له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا وتی: “زۆر حه‌ز ده‌كه‌م كه‌ كتێبخانەیه‌كى هاوشێوه‌ى ئه‌و بکەمەوە و خزمه‌تى خوێنه‌ران بكه‌م”.

ناوبراو هیواشى خواست كه‌ كچانى دیکەش هاوشێوه‌ى ره‌نگین بتوانن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ خزمه‌ت بكه‌ن.
كتێبخانه‌كه‌ى ره‌نگین زیاتر له‌ هه‌زار كتێبى لەخۆگرتووە.