داوا لە بازرگانانی سلێمانی كراوە كاڵای زیاتر لە دەرەوە هاوردە بكەن

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی رەوشی بازرگانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوا و رایگەیاند: “دوو جۆر بازرگانیمان هەیە، یەكیان بازرگانی ناوخۆیە و بۆ شارەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە، ئەوەی دووەم لەگەڵ دەرەوەی هەرێمی كوردستانە كە گەشەی نەكردووە و وەك خۆی ماوەتەوە، هۆكارەكەشی بۆ زیادبوونی ئەو بڕە باجە دەگەڕێتەوە كە لە بازرگانەكانی وەردەگرن لەو كاڵایانەی دەچنە دەرەوەی هەرێم و بەو هۆیەوە ناتوانرێت ئەو كاڵایانە بچێتە دەرەوە، پێویستە حكوومەتی هەرێم بیر لەوە بكاتەوە رسوماتی تایبەت بە ناردنە دەرەوەی كاڵاكان دابنێت، لەو رێگەیەشەوە سەد هێندە ئەو بازرگانییە بەرەو پێشەوە دەچێت”.

سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد: “بۆ بازرگانی لەگەڵ ناوچەكانی تری ناوەڕاست و خواروی عێراق، حكوومەتی عێراقی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی هیچ رێگرییەكی نییە و هاوكارییان دەكات، بەڵام ئەو كاڵایانەی لە دەرەوەی هەرێمەوە دێن و دەچنە ناوچەكانی تری عێراق رێگرییان لێدەكرێت و جارێكی تر گومرگ دەكرێنەوە، ئەوەش بووەتە كێشەی گەورە بۆ بازرگانەكان و زیانی گەورەی پێگەیاندوون و نزیكەی هەزار و 500 شۆفێری بارهەڵگریش بێكار بوون، بەو هۆیەشەوە ئەو جۆرە بازرگانییە بەتەواوەتی وەستاوە”.

سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی لە بارەی كاریگەری بەڵێنەكانی حكوومەتی هەرێم و گەشبینی بۆ كەمبوونەوە و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و كاریگەری ئەوە لەسەر بازاڕ دوا و وتی: “هەركات ئەو بەڵێنانە چووە بواری جێبەجێكردن و پڕۆژەكان كەوتە بواری جێبەجێكردن و مووچەی فەرمانبەران گەشتەوە ئاستی خۆی، ئەوكات خواست لەسەر كاڵاكان زیاتر دەبێت و بژێوی ژیانی خەڵك باشتر دەبێت”. 

ئەو ئاماژە بەوە دەكات کە لە هەرێمی كوردستانەوە و لە رێگەی ئێرانەوە چەند كاڵایەكی وەك بنێشت و مازوو رەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە دەكەن.

لە بارەی پرسی گشتپرسی (ریفراندۆم) و مەترسی دەرەنجامەكانی ئەو پرسە لە داخرانی سنوورەكان بە رووی هەرێم و ئامادەكارییەكان لە رووی بازرگانییەكانەوە، سیروان محەمەد لە وەڵامدا وتی: “تائێستا هیچ مەترسییەك نییە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی سنوورەكانەوە ئاساییە، خواستیش لەسەر كاڵاكان زیادی كردووە و بازرگانانان دەتوانن بازاڕەكان بە كاڵای زیاتر پڕ بكەنەوە”.

لە هەمانكاتدا سەرۆكی ژووری بازرگانی نەیشاردەوە كە دەستیان بە ئامادەكاری كردووە و ئەوەش بە هەنگاوێكی پێویست دەزانێت، “هەر گۆرانكارییەكیش كرا ئامادەباشی واجبە، ئاگاداری بازرگانەكانمان كردووەتەوە بە زیادكردنی هێنانی كاڵاكانیان لە دەرەوە ، بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە پارێزگاری سلێمانی كردووە دروستكردنی گەنجینەكان بە زوویی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە تاوەكو بازرگانەكان بتوانن بڕێكی زۆرتری كاڵاكانیان لەو گەنجینانەدا دابنێن”.