جوتیارانى هه‌ورامان: بڕی بەرهەمەکانمان کەمیکردووە

جوتیارانى هه‌ورامان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، کە به‌هۆى که‌مته‌رخه‌میه‌کانى حکومه‌ت و دابین نه‌کردنى دەرمان و پێداویستى تایبه‌ت بۆیان ساڵ دواى ساڵ به‌روبومه‌کانیان ڕوو له‌ که‌میى ده‌کات، بەرپرسێک-یش دەڵێت: به‌هۆى قه‌یرانى دارایى وه‌زاره‌ت نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و پێداویستیانه‌ دابین بکات.
 
بە وتەی جوتیارانی ناوچەی هەوارامان بەروبوومی کشتوکاڵیی بەتایبەت دانەوێڵە لە ناوچەی هەورامان کەمیکردووە.
 
محه‌مه‌د هه‌ورامى، جوتیارێکى گوندى خارگێڵانى هەورامانە وتى:”به‌روبوومى ئه‌مساڵمان له‌چاو ساڵانى ڕابردوو که‌میکردووە”.
 
ئەو جوتیارە، ئاماژەی بە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی کرد و وتی:”هۆکارەکان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ که‌مته‌رخه‌میه‌کانى حکومه‌ت و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ى له‌جوتیاران به‌تایبه‌ت بۆ دابینکردنى ده‌رمان و دژه‌ نه‌خۆشى و میروله‌ى به‌روبومه‌کان، بۆیە له‌کاتى پێگه‌یشتنى زۆرێک له‌ به‌روبومه‌کان به‌هۆى نه‌خۆشیه‌ جۆراوجۆره‌کان له‌ناو دەچن، له‌لایه‌کى تریشه‌وه‌ وشکه‌ساڵى و که‌م ئاویش کاریگه‌رى له‌سه‌ر که‌م بونه‌وه‌ى به‌روبومه‌کان داناوه‌”.

 
محه‌مه‌د، وتیشی، کە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاویی داوایان لە حکومەتی هەرێم کردووە مۆڵەتیان بدات بۆ لێدانی بیر، بەڵام حکومەت مۆڵەتیان نادات.
 
جوتیارێکى ترى هه‌مان گوند به‌ناوى حه‌سه‌ن حسێن، ده‌ڵێت: لەناو بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا بە تایبەت بەروبوومی دانەوێڵە کەمیکردووە، چونکە لەکاتی پێشگەیشتنیاندا تووشی نەخۆشی دەبن و دەرمان-ی تەواویشمان نییە بۆ چارەسەرکردن.
 
 
حەسەن، ڕەخنەی لە حکومەتی هەرێم گرت، بەوەی کە  حکومەتی هەرێم بازاڕێک بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانیان ناکاتەوە و حکومەتی ناوەند-یش ساڵانە برێکی کەم گەنم-مان لێوەرگرێت، ئەمه‌ش وایکردووه‌ بە نرخێکی هەرزان بەروبوومەکانمان لە بازاڕدا بفرۆشین.
 
له‌ به‌رامبه‌ردا، سه‌لام عوسمان، لێپرسراوى به‌شى کشتوکاڵى شاره‌دێى خورماڵى سه‌ر به‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ رایگه‌یاند: “چه‌ندین جار داوامان له‌ وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ کردووه‌ بۆ دابینکردنى ده‌رمان و قڕکه‌رى نه‌خۆشی به‌روبومه‌کان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى قه‌یرانى دارایى وه‌زاره‌ت نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و پێداویستیانه‌ دابین بکات”.

سه‌لام، وتیشى:”یه‌کێک له‌کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى جوتیارانى سنوره‌که‌مان ساغ نه‌کردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى گه‌نمه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ئەمساڵدا غه‌درێکى گه‌وره‌یان له‌جوتیارانى سنورەکەمان کرد، که‌ ته‌نها بڕى هه‌شت هه‌زار تۆن گەنم له ‌جوتیاران وه‌رده‌گرن ئه‌مه‌ش وایکرد که‌ زۆرێک له‌جوتیاران به‌رهه‌مه‌کانیان به‌بازرگانان و به‌نرخێکى زۆر که‌متر بفرۆشنه‌وه”.
 
‌لێپرسراوى به‌شى کشتوکاڵى شاره‌دێى خورماڵى سه‌ر به‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بەهەمان شێوەی جوتیاران، ڕەخنەی لە حکومەت گرت و وتی:”که‌مته‌رخه‌میه‌که‌ بۆ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ پێشوه‌خته‌ هه‌وڵى ساغ کردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى جوتیارانى نه‌داوه‌ له‌ڕێگه‌ى گفتوگۆ و ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى ناوه‌ند”.