لە رێورەسمێكدا بە ئامادەبوونی عومەر ئەحمەد ئەمین( عومەر قەڵادزێی) لەبری پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسی ئۆفیسی كونسوڵخانەی ژاپۆن لەهەولێر و نوێنەری UNDP و قائیمقامی قەزای دوكان و بەرێوەبەری ناحیەی پیرەمەگرون و بەرێوەبەری ئاوی سلێمانی و لێپرسراوانی حكومی ، پرۆژەی چاكسازی و بەرزكردنەوەی توانای هێڵی یەكەمی ئاوی سلێمانی كرایەوە.
پرۆژەكە لەلایەن UNDP ، لەسەر بودجەی حكومەتی ژاپۆن جێ بەجێ كراوەو 320 هەزار دۆلاری تێدا خەرج كراوە. پرۆژەكەش بریتیە لە چاكسازی لە هێڵەكەو بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنان بە جۆرێك هێڵی یەكەمی ئاوی سلێمانی بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە تواناكەی 1000 مەتر سێ جا زیاتر بووەو لە 1500 مەتر سێ جاوە بەرزبووەوەتەوە بۆ 2500 مەتر سێ جا لە كاتژمێرێكدا.
لە رێورەسمەكەدا چەندین وتار پێشكەش كرا، پارێزگاری سلێمانی لە وتارەكەیدا دەستخۆشی و سوپاسی رێكخراوی UNDP و حكومەت و گەلی ژاپۆنی كرد كە وەك پشتیوانییەك بۆ ئاوارەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستان هەستاون بە ئەنجامدانی ئەم پرۆژە خزمەتگوزارییە گرنگە بۆ شاری سلێمانی
.پاشان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد لەدوای سەرهەڵدانی گروپی تیرۆریستی داعش، قەیرانێكی گەورەی مرۆی و ئاوارەبوون رووی لە هەرێمی كوردستان كردو بە ملیون پەنابەرو ئاوارە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێنا دوای چەند ساڵێكیش هێشتا زیاتر لە 44 هەزار و 441 خێزانی ئاوارە لەسنوری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن كە كۆی گشتیان زیاتر لە 250 هەزار كەسە، ئەم ژمارەیەش دابەش بوون بەسەر 6 كەمپ و گەرەك و قەزاو ناحییەكانی پارێزگای سلێمانی.
پارێزگار وتیشی: ئەو ژمارەیە كە دەكاتە 1/8ی كۆی دانیشتوانی پارێزگاكە گوشارێكی زۆری لەسەر هەموو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەتی ئاوو كارەباو تەندروستی و خوێندن و شارەوانییەكان دروست كردووە
روونیشی كردەوە ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە هاوكاتە لەگەڵ شەڕی پێشمەرگە دژی تیرۆریستانی داعش و قەیرانێكی توندی ئابوری كە لە 2014وە بەرۆكی حكومەتی هەرێمی گرتووەو بووتەهۆی راگرتنی هەزاران پرۆژەی خزمەتگوزاری و بۆ ماوەی 4 ساڵیشە نەتوانراوە پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری ئەوتۆ جێ بەجێ بكرێت. ئەم بارودۆخە ناهەموارە لەگەڵ فشاری ئاوارەكاندا گوزەرانی هاووڵاتیانی خۆجێی پارێزگاكەشی ئاستەم تر كردووە.
عومەر قەڵادزێی پارێزگاری سلێمانی داواشی لە نەتەوەیەكگرتووەكان، UNDP و رێكخراوە كۆمەك بەخش و خێرخوازییەكان كرد، زیاتر هاوكاری ئاوارەكان و حكومەت و هاووڵاتیانی هەرێم بكەن و پرۆژەی زیاتر ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بەهەموو لایەك بتوانن رووبەرووی قەیرانەكە ببینەوە.
وتیشی: بەپێی پێشبینی ئێمە لە كورت ماوەدا ئەو ئاوارانەی لێرەن زەحمەتە بتوانن بگەڕێنەوە جێگەی خۆیان، چونكە ناوچەكانیان هێشتا كەشوهەوای شەڕی بەسەردا زاڵەو زۆربەشیان بەتەواوی وێران بوون و هیچ خزمەتگوزارییەكیان نییە، هەروەها لە دوای موسڵ ئۆپراسیۆنی ئازادكردنی ناوچەكانی حەویجەش لەپێشەو پێشبینی ئاوارەبوونی زیاتر دەكرێ.
پارێزگار تەئكیدی كردەوە زۆر گرنگە كۆمەڵی نێودەوڵەتی مەترسی بارودۆخە تێبگەن، پشتیوانی و هاوكاری زیاتریان بكەن بۆ ئەوەی پێكەوە بتوانن بەر بە قەیرانی مرۆی گەورە لەناوچەكەدا بگرین.
پارێزگاری سلێمانی لە وتارەكەیدا جارێكی تر سوپاسی حكومەت و گەلی ژاپۆنی كرد كە هەمیشە لە بارودۆخە ناهەموارەكاندا دەست و دڵ كراوەبوون و هاوكاری و كۆمەكیان پێشكەشی خەڵكی كوردستان و ئاوارەكان كردووە.
پاشان هەر یەكە لە موریاسو كەتسومی بەرپرسی ئۆفیسی كونسوڵگەری ژاپۆن لە هەولێر و خاتوو مزوهو یوكوی بەرێوەبەری پرۆگرامەكانی UNDP وتاریان پێشكەش كردوو لە وتارەكاندا وێرای تەئكیدكردنەوە لە هەوڵ و بەرنامەكانیان بۆ هاوكاری زیاتری ئاوارەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستان سوپاسی و بێزانیی خۆیان ئاراستەی خەڵكی كوردستان و دەزگا حكومییەكان كرد كە ژمارەیەكی بەرچاو ئاوارەیان پەنا داوەو هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیان كردووە بۆ بە تەنگەوەچوونیان. بەڵێنیشیاندا لە كەرتە خزمەتگوزارییەكاندا ئەوەندەی بتوانن هاوكاری پێشكەش دەكەن.