نوێترین زانیاری لەسەر پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلی “علوج”

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا دەگرێت كە لە دوای یەكی ئایاری ئەمساڵەوە هێنراونەتە هەرێمی كوردستان، لەو ماوەیەشدا سەدان ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا كراون كە لە لایەن هاووڵاتییانی هەرێمەوە بە “مەلیكە” ناو دەبرێت و بە نرخێكی گران هاوردە كراون و حكوومەت تۆماریان ناكات.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان ئاشكرایكردووە ” لەو جۆرە ئۆتۆمبێلە ڕێژەیەكی زۆری هاتووەتە سنووری ئیدارەی گەرمیانەوە، لە لایەن پۆلیسی هاتوچۆوە ڕێژەیەكی كەمی دەستی بەسەردا گیراوە، لە ئێستادا وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری كردووینەتەوە هەڵمەتەكە ڕابگرین بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا بكرێت”.

وتیشی: “هاوردەكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە بە لێشاوە و لە ئێستادا هاوردەكردنی بەردەوامە و خواستێكی زۆری لەسەرە لە لایەن هاووڵاتییانەوە”.

ئەسعەد مەلا كەریم بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێمیش بۆ “ئاژانس” ڕوونی دەكاتەوە، بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە كە پێش یەكی مانگی پێنجی ئەمساڵ هاتوونەتە هەرێمی كوردستانەوە و سەرجەمیان تۆمار دەكرێن و كارتی ڕێگەپێدانی هاتوچۆیان پێ دەدرێت.

وتیشی: “ئامانج لەو بڕیارە بۆ كۆتاییهێنانە بە ئۆتۆمبێلی بێژمارە و بێسەرەتا، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ پاراستنی باری ئەمنی و ڕێگەگرتنە لە سەرپێچییەكانی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان”.

كۆتایی مانگی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاری ژمارە یەكی ساڵی 2017ی دەركرد، تێیدا بڕیار درا ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆمار بكرێن كە ئەوەلییاتیان نییە و بێ ژمارەن و لەناو هاووڵاتییاندا بە (علوج) ناسراون، بڕیارەكە سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئۆتۆمبێلانەش تۆمار دەكرێن كە ژمارەی ئەورووپین، بڕیارەكە ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە كە پێش یەكی ئایاری 2017 هاتوونەتە هەرێمی كوردستانەوە و دەبێت لە ماوەی 120 ڕۆژدا تۆمار بكرێن.