بەرھەمھێنانی پەلەوەر لەکوردستان توانای پڕکردنەوەی تەواوی پێداویستی ناوخۆی ھەیە

جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات “٥٠٣ کێڵگەی پەلەوەری‌و ٦٥٠ ھۆڵ  لەسلێمانی‌و گەرمیان هه‌یه‌ کە توانای بەرھەم ھێنانیان لە ساڵێکدا ٣٠ ملێۆن مریشکە، ئەو دەڵێت “بەرھەمھێنانی پەلەوەر لەکوردستان توانای پڕکردنەوەی تەواوی پێداویستی ناوخۆی ھەیە”، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیش دەڵێت “ھەموو ھەوڵێکمانداوە بۆ زیادکردنی بەرھەمێنانی پەلەوەر لەکوردستان”.

جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی، رزگار حەمە حسێن لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند ” ٥٠٣ کێڵگەی پەلەوەری‌و ٦٥٠ ھۆڵ لەسلێمانی‌و گەرمیان ھەیە کە توانای بەرھەم ھێنانیانی ٦ ملیۆن‌و ٧٤٥ هەزارو ١٠٥ مریشکی هه‌یه‌ و توانای بەرھەمھێنانیشیان لە ساڵێکدا ٣٠ ملێۆن مریشکە، پڕۆژەی جوچک ھەڵھێنەریش توانایی بەرهەم هێنانی  ٤٥ ملێۆن جوچکی هه‌یه‌”.

جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی ڕاشیگەیاند “دوو کوشتارگە ھەیە كه‌ ٧ ھەزار مریشک لە کاتژمێرێکدا سەر دەبڕێت و ٥ کارگەی ئالیک بەتوانای ٧٠ تەن لە کاتژمێرێکداو لەساڵێکدا ٢٠٠ ھەزار تەن بەرھەم دەهێنێت و سێ پرۆژەی ھێلکە تروکاندن ھەیە”.

لەبارەی پێویستی گۆشتی مریشک بۆ ھەر ھاوڵاتیەک، ڕزگار حەمە حسێن  وتی “ھەر ھاوڵاتیەک لەساڵێکدا پێویستی بە ٢٣٩ کیلۆیە، پێویستی سلێمانی بۆ ھێلکە لەساڵێکدا ١٣٠ ملێۆن ھێلکەیە واتا ٧٧٧٦ تەن لەساڵێکدا”.

هاوکات، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “وەک ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ھەموو ھەوڵێکمان داوە بۆ زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆیی‌و پارێزگاریکردن لێی، ھەربۆیە لەگەڵ وەبەرھێنەرانی پەلەوەرو خاوەن کێڵگەکان کۆبونەوەمان کرد تا لەکێشەو گرفتەکانیان ئاگادار بین و لەڕێگەی خۆمانەوە لەگەڵ حکومەت چارەسەر بۆ کێشەکانیان بدۆزینەوە”.

ڕاشیگەیاند” حکومەتی عێراقی کاری کردووە بۆ پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی، بەڵام تا ئێستا حکومەتی ھەرێم ئەو  کارەی نەکردووە، بۆیە بەردەوام جەختمان کردۆتەوە کە پێویستە بەرھەمی ناوخۆیی پارێزگاری لێبکرێت”.

لای خۆشیەوە، عومەر حسێن وەبەرھێنەر لەبواری پەلەوەردا ڕایگەیاند ” ئەگەر حکومەت ھاوکارمان بێت‌و پشتیوانیمان بکات ئێمە دەتوانین بەردەوام پێداویستی پەلەوەر لەبازاڕدا پڕبکەینەوە بەو مەرجەی حکومەت ھاوردە کردن ڕابگرێت”، ئەو وتی “لەئێستادا بەرھەمھێنانی پەلەوەر بەشێوەیەکی تەندروست بەرھەم دەھێندرێت‌و لەڕوی تەندروستیەوە تەواو گونجاوەو پێویستە حکومەت مریشکی بیانی کە دێتە کوردستانەوە ڕابگرێت”.

وتیشی “لەئێستادا تەواوی ھەوڵەکان بۆئەوەیە کە بەرھەمی ناوخۆی زیاد بکرێت و پشتیوانی لەوەبەرھێنەران بکرێت بۆ زیادکردنی بەرھەمەکانیان و پشتیوانیکردنی حکومەت بۆ ئەو کەرتە”.

ژمارەی پرۆژە پەلەوەریەکان کە لەدروستکردندان ١٠٢ دانەیە دروستکرنی کارگەی عه‌له‌ف لە ئێستادا ٤ کارگە لەدروستکردندان ، لەگەرمیان ١٣٥ پرۆژە ھەیە کە توانای بەرھەمھێنانی ١٤٧٤٨١٠ مریشکی هەیە، ٤ کارگەی عه‌له‌ف ھەیە کە توانای ٧٣ تەن بەرھەمی ھەیە لەکاتژمێرێکدا، توانای بەرھەم ھێنانی ١٠ ملێۆن و شەش سەد و شەست ھەزار جوچک ھەڵھێنەری ھەیە لەساڵێکدا، لەئێستادا ١٣ پرۆژەی پەلەوەری لە گەرمیان لە دروستکردندان.