وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێم ڕێژه‌ی هاتنی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێم له‌رۆژانی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێم ئاشكراده‌كات و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، “داهاتی گه‌شتیاری 73 ملیۆن دۆلار بوه”، ده‌شڵێت:”پاره‌یه‌كی زۆر ته‌رخانكراوه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنه گه‌شتیاریه‌كان”، به‌رپرسێكی گه‌شتوگوزاریش ده‌ڵێت:” 103 هه‌زار گه‌شتیار ڕویان له‌پارێزگای سلێمانی كردوه”.
له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، “چه‌ندین ناوچه‌ی گه‌شتیاری له‌وانه‌ش (كانی ماران، بێخاڵ و گه‌لی شێران) له‌سه‌ر %20ی بودجه‌ی گه‌شتیاری نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌و بڕیاریشه سه‌یرانگه‌ی ئه‌حمه‌دئاوا نۆژه‌نبكرێته‌وه‌و بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش پاره‌یه‌كی زۆر ته‌رخانكراوه”.
وتیشی:”له %30ی گه‌شتیاران له‌ئێران و توركیا‌و وڵاتانی دیكه هاتون و ئه‌وانی دیكه له‌ناوه‌ڕاست و خواروی عیراقه‌وه هاتونه‌ته هه‌رێم، به‌ڵام به‌گشتیی له‌ماوه‌ی 10 ڕۆژی ڕابردودا 243 هه‌زار گه‌شتیار ڕویان له‌هه‌رێم كردوه‌و ڕێژه‌ی داهاتیش 73 ملیۆن دۆلار بوه”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌و زه‌ویانه‌ی بۆ پڕۆژه‌ی گه‌شتیاری كه پێیانده‌وترێت (تارین) ئاماده‌كراون و ئه‌وكه‌سانه‌ی ناویان تۆماركراوه كه قه‌ره‌بوبكرێنه‌وه، ده‌توانن له‌یه‌كشه‌ممه‌وه سه‌ردانی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر بكه‌ن بۆ واژۆكردنی گرێبه‌ست و ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌كانیان.
سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنی 10 هه‌زار دینار له‌هه‌ر گه‌شتیارێك، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاشكرایكرد، “ئێمه ئه‌و پاره‌یه وه‌رناگرین و ڕه‌نگه بۆ ئیجرائاتی ده‌روازه‌كان و دروستكردنی كارت و داخڵبونی گه‌شتیاران بێت”.
لای خۆیشیه‌وه مه‌وله‌وی جه‌بار سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌و ئامارانه‌ی بۆ پارێزگای سلێمانی خراونه‌ته‌ڕوو ڕایگه‌یاند، “باس له 50 هه‌زارو 80 هه‌زار گه‌شتیار كراوه، به‌ڵام هه‌ردوو ئاماره‌كه ناڕاسته، چونكه 103 هه‌زار گه‌شتیار ڕویان له‌پارێزگای سلێمانی كردوه‌و به‌هه‌ولێرو دهۆكیش 140 گه‌شتیار سه‌ردانیان كردون”.