بەبیانووی بوونی فشار لەسەر هێڵەكانی ئینتەرنێت، حكومەتی بەغدا ڕۆژانە زیاتر لەكاتژمێرێك هێڵی ئینتەرنێت لە فەرمانگەكانی پاسپۆرتی پارێزگاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، بەو هۆیەشەوە مامەڵەی هاوڵاتیان دوادەكەوێت، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانیش وادەی چارەسەركردنی گرفتەكە ئاشكرا دەكات.
عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاسپۆرتی سلێمانی، ڕاگەیاند: ئینتەرنێتی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پاسپۆرتی پارێزگاكان، لەلایەن بەغداوە دابینكراوەو لەئێستاشدا بەهۆی دروستبوونی فشار لەسەر ئەو هێڵە، رۆژانە بۆ ماوەی كاتژمێرو نیوێك هێڵی ئینتەرنێتمان لەسەر دەكوژێتەوە.
وتیشی:” كوژاندنەوەی هێڵەكانی ئینتەرنێت تا كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و بڕیارە لەدوای كۆتایی هاتنی ئەو وادەیە، كێشەكە چارەسەر بكرێت”.
سەبارەت دواكەوتنی مامەڵەی هاوڵاتیان بەهۆی ئەو گرفتەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاسپۆرتی سلێمانی ئاشكرایكرد، دواكەوتنی كاری ئەو هاوڵاتیانە بەهۆی پشووەكانی جەژن و كوژراندنەوەی هێڵەكانی ئینتەرنێت بووە، كە فشارێكی زۆری لەسەر بەڕێوەبەرایەتیەكەمان دروستكردووەو چاوەڕوان دەكرێت لەكۆتایی ئەم هەفتەیەدا مامەڵە راگیراوەكان راویی بكرێن.