به‌مشێوه‌یه‌ مۆبایل و لاپتۆپ و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لە گەرمادا بپارێزه‌

گومان لەوە دانییە كەوا تەواوی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، بە تایبەتی بچووك هەستیارەكان، بە پلەی یەكەم زۆر زووتر كاریگەر دەبن لەنێو ئەو ژینگەو شوێنانەی كە پلەكانی گەرما زۆر زیاد تیایاندا بەرز دەبێتەوە، بۆیە سایتی (Lifewire) چەند رێنماییەكی گرنگ بۆ پاراستنیان لەنێو ئەو جۆرە ژینگانەدا بڵاوكردۆتەوە كە بریتین لە:

1. تا پێت بكرێ ئەو ئامێرانە لەناوچەیەكی سێبەریدا بەكاریان بهێنە، چونكە بەركەوتنیان بە تیشكی راستەوخۆی خۆر دەبێتە هۆی زیان پێگەیاندنیان، بە تایبەتی ئەگەر بۆماوەیەكی بەرچاو بێت.

2. بەهیچ جۆرێ ئەو ئامێرانەت لەنێو شوێنی داخراوی وەك ئۆتۆمبێلەكان بەهەموو جۆرەكان، یان لەنێو بۆكس و كۆگا بچووكەكاندا بەكاریان مەهێنە، بەتایبەتی ئەگەر هەمووی یان بەشێكیان كەوتبنە ژێر بەركەوتنی راستەوخۆی تیشكی خۆر.

3. لەكاتی چوونت لە ناوچەیەك یان ژوورێكی گەرم بۆ ناوچە یان ژوورێكی سارد یان فێنكدا، ئەوا كەمێك بووەستە ئینجا ئامێرەكەت بەكار بهێنە بۆ ئەوەی وردە وردە پلەی گەرمیی ئامێرەكەشت داببەزێت، نەوەك راستەوخۆ بەكاری بهێنی، چونكە زیانی پێدەگات.

4. تا پێت دەكرێت ئەو تایبەتمەندییانە بووەستێنە كە وزەی پاتری زۆر بەكار دەهێنێن، بە تایبەتیش سیستەمی GPS.

5. سەرەڕای گێڕانی رۆڵێكی كاریگەر بۆ پاراستنی لە گورزو كاریگەرییە دەرەكییەكان، بە تایبەتی ئاوو و تۆزو خۆڵ، بەڵام لەكاتە هەرە گەرمەكاندا پێویستە (كەڤەر) و بەرگەكانی تر ئەگەر ناسكیش بن لە ئامێرەكانت دووریان بخەیەوە تاوەكو هەوای دەرەوەی بەربكەوێت.

6. لەو كاتانەی پێویستت بەو ئامێرانە نییە، دایان بخەو بە پێكراوی بەجێیان مەهێڵە.