روسیا: به‌رهه‌می‌ رۆژانه‌ی‌ نه‌وت (10) ملیۆن به‌رمیلی‌ تێپه‌ڕاند

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ وزه‌ی‌ ر‌ووسیا، به‌رهه‌می‌ نه‌وتی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كه‌ گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ری‌ نه‌وته‌ له‌جیهاندا،له‌ساڵی‌ (2012)دا به‌رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا (1) زیادیكردووه‌‌و رۆژانه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ (10) ملیۆن‌و (370) هه‌زار به‌رمیل،له‌كاتێكدا له‌ساڵی‌ (2011)دا گه‌یشته‌ (10) ملیۆن‌و (270) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت.
وه‌زاره‌تی‌ وزه‌ی‌ روسیا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش دا، كه‌ به‌رهه‌می‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ نه‌وت له‌ساڵی‌ رابردوودا به‌ ته‌ن گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ (518) ملیۆن.
له‌ مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می رابردوودا به‌رهه‌می‌ رۆژانه‌ی‌ نه‌وتی‌ روسیا پاشه‌كشه‌یكرد بۆ (10) ملیۆن‌و (480) هه‌زار به‌رمیل،كه‌ له‌مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ رابردوودا رۆژانه‌ گه‌یشته‌ (10) ملیۆن‌و (500) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت،ئه‌مه‌ش به‌رزترین ئاست بووه‌ له‌سه‌رده‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌ سۆڤیتی‌ پێشووه‌وه‌.
زانیارییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ وزه‌ی‌ روسیا ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، به‌رهه‌می‌ غازی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ مانگانه‌ به‌رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا (10.4) زیادیكردو گه‌یشته‌ (2.12) ملیار مه‌تر سێجا،ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیادبوونی‌ خواستی‌ وه‌رزیانه‌.