وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئه‌نجومه‌نێکی باڵا داده‌مه‌زرێنێت

عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌ی ژماره‌(3)ی  ئه‌نجومه‌نی روێژكاریی وه‌زاره‌تی كرد به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتیی وه‌زاره‌ت و كشتوكاڵی پارێزگاكان و راگری كۆلیژی كشتوكاڵی زانكۆی سه‌لاحه‌دین و نوێنه‌ری یه‌كێتیی جووتیاران، سه‌ره‌تا وه‌زیری كشتوكاڵ باسی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كرد كه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا داویه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچووك له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ چ راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ كونسوڵی گشتیی ئێران له‌ هه‌ولێر و به‌رپرسانی دیكه‌ هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردانی راسته‌وخۆی بۆ شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ له‌ رۆژی یه‌كه‌م جه‌ژندا بۆ به‌دواداچوونی كێشه‌كه‌، دواتر خاڵه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خرانه‌ڕوو:

 دامه‌زراندنی كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی تۆوی باوه‌ڕپێكراو بۆ به‌رهه‌مهێنانی بنه‌تۆ له‌ زه‌وییه‌كانی توێژینه‌وه‌دا، ئه‌م پێشنیاره‌ به‌ باش زانراو بڕیاردرا كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ تێروته‌سه‌لی دیراسه‌بكرێت و زه‌ویی توێژینه‌وه‌ دیاری بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت چۆن ئیداره‌بكرێت و رێوشوێنی تایبه‌تی بۆ ئه‌نجام بدرێت.

پێشنیار بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی باڵای پیشه‌سازیی په‌له‌وه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ پێشتر ئه‌مه‌ هه‌بوو به‌ڵام وا چاكتره‌ ناوی بكرێته‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای په‌ره‌پێدانی كه‌رتی په‌له‌وه‌ر و په‌یڕه‌وه‌ی ناوخۆی هه‌بێت و فراوان بكرێت و وه‌زاره‌تیش سه‌رپه‌رشتی بكات و ئه‌ندامه‌كانیشی له‌ كۆمه‌ڵه‌كانه‌وه‌ ده‌ست نیشانبكرێن به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ كاراو شاره‌زاو پیشه‌یی بن.

گرفتی كه‌میی كرێكار و مه‌ترسییه‌كانی له‌ نه‌مامگه‌و پرۆژه‌كاندا، بۆ ئه‌م خاڵه‌ بڕیاردرا نووسراو بكرێت بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كه‌ تێیدا ژماره‌ی پێویست له‌ كرێكار دیاری بكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌كرا ره‌زامه‌ندیی بده‌ن كه‌ بدرێته‌ كه‌رتی تایبه‌ت به‌ هاوبه‌شی ئه‌نجام بدرێت.

 هه‌مواركردنی رێنمایی سه‌رپه‌رشتیی هونه‌ریی پرۆژه‌كانی په‌له‌وه‌ر، له‌م رووه‌وه‌ بڕیاردرا كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان له‌ پارێزگاكان راسته‌وخۆو ئیجابی بێتو به‌ جیددی سه‌رپه‌رشتیی هونه‌ریی پرۆژه‌كانی سامانی په‌له‌وه‌ر بكه‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك هه‌بوو ده‌ست نیشانی بكه‌ن و به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ن  و سزا بدرێت.

 تاوتوێكردنی بڕیارو رێنماییه‌كانی درووستكردنی خانوو له‌ناو زه‌ویی كشتوكاڵی و باخ، ئه‌نجومه‌ن له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێی باش بوو كه‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی هه‌ڵوه‌شاوه‌ ژماره‌ 1488ی ساڵی 1985 په‌یڕه‌وبكرێت كه‌ رێگا ده‌دات به‌ درووستكردنی خانوو بۆ ئه‌و مه‌للاكانه‌ی كه‌ زه‌ویی كشتوكاڵیان به‌ده‌سته‌ به‌پێی ئه‌و رێنماییانه‌ی كه‌ له‌ناو بڕیاره‌كه‌دا هاتوون. ئه‌مه‌و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ش له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی راوێژكاریی وه‌زاره‌ت به‌تێروته‌سه‌لی باسیان لێوه‌كراو بڕیارو راسپارده‌یان بۆ ده‌رچوو.